دوای ٤٠ ڕۆژ لە لافاوەکە، هێشتا گوندنشینانی قەندیل قەرەبوونەکراونەتەوە

دوای تێپەڕینی ٤٠ ڕۆژ بەسەر ئەو لافاوە گەورەیەی گوندەکانی بناری قەندیلی گرتەوە، تا ئێستا دانیشتوانی ئەو گوندانە قەرەبوونەکراونەتەوە، هاوکات ١٢ گوند بێبەشن لە کارەبای نیشتمانیی و خوێندکارەکانی گوندێکی دیکەش ١٠ رۆژە نەچوونەتە خوێندنگا.


ڕۆژی ٢٦ ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە ئەنجامی بارانێکی زۆر، لافاوێکی گەورە لە بناری قەندیل دروستبوو و لە کۆی پێنج ناوچە، زیانی زۆر بەر هەر سێ ناوچەی ناودەشت، سورە دێ، باڵەییان کەوت، تا ئێستاش شوێنەواری لافاوەکە لەو ناوچانە ماون و سەرەڕای ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاردرا قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە جێبەجێنەکراوە و بەهۆی بارینی بارانی زۆریشەوە هاوڵاتیان لە دۆخێکی خراپدا گوزەران دەکەن.

بەپێی بەدواداچوونی ڕۆژنیوز، لە ئێستادا دانیشتوانی ١٢ گوندی بناری قەندیل بێبەشن لە کارەبای نیشتمانیی، هاوکات لە گوندی باراوە، بەهۆی ڕووخانی پردەکەیان، خوێندکارەکانی ماوەی ١٠ ڕۆژە نەچوونەتە خوێندنگا.

ڕەسوڵ عەبدوڵا، دانیشتووی گوندی باراوە سەر بە شارەدێی سەنگەسەر، بۆ ڕۆژنیوز باسی لەوە کرد بەهۆی لافاوەوە دوو جار پردی سەرەکیی گوندەکە ڕوخاوە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات لە ئێستادا دانیشتوانی گوندەکە بە ئەسپ و گوێدرێژ هاتووچۆ دەکەن، دەشڵێت "ئەگەر نەخۆشێکمان هەبێت، زۆر بە زەحمەت دەتوانین ڕەوانەی نەخۆشخانەکانەی بکەین".

قەندیل لە زستاندا کەشوهەوایەکی سارد و سەختی هەیە، زۆر جاریش لافاوی لێ دروست بووە، بەڵام بە وتەی شارەزایانی کەشوهەوا، لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا لافاوێکی بەو شێوەیە لە ناوچەکەدا ڕووی نەداوە.

محەمەد حەسەن، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل، جەخت لە زۆریی زیانەکانی لافاوەکانی مانگی تشرینی یەکەم دەکاتەوە، لە بارەی ئەو لیژنانەی لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان پێکهێنرابوون، دەڵێت:"تا ئێستا کەس قەرەبوو نەکراوەتەوە، گرنگ بڕیاردەرکردن نیە، بەڵکو گرنگ جێبەجێکردنیانە".

هەروەها، شێروان میرزا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی قەرەبووکردنەوەی دانیشتوانی ئەو گوندانە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:"پەرلەمان بڕیاری قەرەبووکردنەوەی بۆ سەرجەم ئەو شوێنانە دەکردووە، کە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ڕووننەبووەتەوە ئایا قەرەبووەکە لە بودجەی ساڵی ٢٠١٨ خەرج دەکرێت یاخود ساڵی ٢٠١٩".

ئەو زیانانەی کە بەر ئەو گوندانە کەوتن لە ئەنجامی لافاوەکە زۆرن، ڕێگاوبانە گشتییەکان و پردەکانی پەڕینەوە وێران و خاپور بوون، کە بەگشتیی ١٥ پرد وێران بوون، جگە لە پرۆژە و تۆڕەکانی ئاو، کە زیانەکە بووە هۆکاری نەمانی ئاوی نزیکەی ١٥ گوند، هەروەها سێ بنکەی تەندروستیی و سێ مزگەوت و دوو خوێندنگا بەتەواویی وێران بوون.

هاوکات هەر بەهۆی لافاوەکەوە، بە دەیان باخ و ڕەزی خەڵك زیانی زۆریان بەرکەوت، ١٥ ماڵ بە تەواویی ڕووخان و نزیکەی ٣٠ ماڵیش ئاو چووە ماڵەکانیانەوە، ئەمە جگە لە لەناوچوونی بەدەیان ئاژەڵ، مێشەهەنگ و تێکشکانی چەندین ئۆتۆمبێل.

ش.ف