دووبارە پشکنین بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکرێتەوە

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی بەوەکالەت بڕیاری دا، دووبارە پشکنین بۆ ئەو خاوەن پێداویستی تایبەتانە بکرێتەوە کە تانەیان لە بڕیاری لیژنەکەی پێشوو هەیە، ئەوە بەمەبەستی گەڕاندنەوەی مووچەی ئەو کەسانەی، کە ڕێژەی کەمئەندامییان دەگاتە ٥٥٪.  


ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر، ڕێکخراوەکانی کەمئەندامانی هەرێمی کوردستان دەرەنجامی کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی بە وەکالەت کرد خستەڕوو لەبارەی ئەو بڕیارەی دەرکراوە بۆ بڕینی مووچەی ئەو کەمئەندامانەی، کە مووچەی دیکەیان هەیە.

سامان حسێن، سەرۆكی رێكخراوی كەمئەندامانی كوردستان ڕایگەیاند، یاداشتێکیان بەناوی سەرجەم ڕێكخراوەكانی خاوەن پێداویستی تایبەتەکانەوە ئاڕاستەی د. ڕێكەوت حەمە ڕەشید وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی بەوەكالەت کردووە، کە تیایدا باسیان لەوە کردووە، مووچەی بەشێک لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە مەترسییدایە.

سەرۆکی رێکخراوی کەمئەندامان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ د. ڕێکەوت حەمە ڕەشید، گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی هەر کەمئەندامێک ڕێژەى کەمئەندامییەکەى ٥٥٪ بێت، مووچەى کەمئەندامیى پێدەدرێت.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا دووبارە لیژنەیەک پشکنین بۆ ئەو خاوەن پێداویستی تایبەتانە دەکرێتەوە کە تانەیان لە بڕیارەکەی دابوو، بەڵام ئەوانەی ڕێژەی کەمئەندامییەکەیان لە لەسەدا ٤٠ کەمترە نادرێنەوە بە لیژنەکان.

ش.ف