دوو باندی ماددەی هۆشبەرو سپی کردنەوەی پارە دەستگیرکران

یاریدەدەرێتی ئاسایشی ڕاپەڕین دەستگیرکردنی دوو باندی تایبەت بەماددەی هۆشبەرو سپی کردنەوەی پارەی لەجۆری ١٠٠دۆلاری ڕاگەیاند.


لەسنوری ڕانیەو کۆیە دراوی ساختە لەجۆری ١٠٠ دۆلاری لە ناو بازاڕەکاندا بڵاو بووەتەوە بەهۆی ئەوەی باندی سپی کردنەوەی پارە لەماوەی مانگی ڕەمەزاندا لەڕانیە و دەوروبەری ٧٠٠ دۆلاریان ساغ کردۆتەوە.

لە ڕاگەیەنراوێکی یاریدەدەرێتی ئاسایشی ڕانیەدا کە وێنەیەکی بە ڕۆژنیوز دراوە هاتووە: "لەماوەی ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا توانیمان دوو باندی سپی کردنەوەی پارەی ساختە و فرۆشتن و بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەین و ڕووبەڕووی سزای یاسیان بکەینەوە".

یاریدەدەرێتی ئاسایشی ڕانیە ڕوونیکردوەتەوە: "باندی یەکەم تایبەت بووە بە ساغکردنەوە و سپی کردنەوەی پارە ساختەکە کە لەجۆری سەد دۆلاری ئەمریکی بووە، لەماوەی مانگی ڕەمەزاندا لەڕانیە و دەوروبەری ٧٠٠ دۆلاریان ساغ کردۆتەوە، دوای چاودێریکردنی گومان لێکراوان توانرا سێ تۆمەتبار دەستگیربکرێن کەبڕی سێ هەزار و دووسەد دۆلاری ئەمریکیان پێگیراوە و ئێستا بەپێی مادەی 281 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون.

باندی دووەمیش هەر لە ڕۆژانی جەژندا بە هاوکاری بەشی مادە هۆشبەرەکانی بەڕیوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین توانرا دەستبگرین بەسەر بڕێک لە ماددەی هۆشبەر لەجۆری شیشە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆتۆمەتباری سەرەکی کراوەتەوە بەپێی مادەی ١٤ لەیاسای ماددە هۆشبەرەکان".

یاریدەدەرێتی ئاسایشی ڕانیە جەختی کردووەتەوە "لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ بنبڕکردن وهەڵوەشانەوەو سزادانی تۆمەتبارانی هەردوو باندەکە بەردەوامەو داواش لە هاووڵاتین دەکات لەسنوری ڕانیە و دەوروبەری و کۆیە هەرکەسێک لەماوەی ڕابردودا پارەی ساختەی وەرگرتووە لەکاتی فرۆشتنی کاڵا و بەربوومەکانیان سەردانمان بکەن بەمەبەستی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتباران".

د.ح