دوو هاوڵاتی بە فیشەک برینداربوون

شەڕ و ئاڵۆزیی لەنێوان دانیشتوانی دوو گوندی شارۆچکەی قەرەداغ سەربە پارێزگای سلێمانی ڕوویدا و بە هۆیەوە دوو هاوڵاتی بە فیشەک بریندار بوون.


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند، کە شەڕ و ئاڵۆزیی لەنێوان دانیشتوانی دوو گوندی شارۆچکەی قەرەداغ دروست بووە، دەستبەجێ هێزەکانی بەشی پۆلیسی قەرەداغ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و شەڕ و ئاڵۆزییەکە کۆنتڕۆڵ کراوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕاشیگەیاندووە: بەهۆی ڕووداوەکەوە دوو هاوڵاتی بە فیشەک بریندار بوون و لەلایەن هێزەکانی بەشی پۆلیسی قەرەداغ و تیمە فریاگوزارییەکانەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە شاری سلێمانی کراون.

باس لەوەش کراوە: هێزەکانی بەشی پۆلیسی قەرەداغ پێنج تۆمەتباری ڕووداوەکەیان دەستگیر کرد و دەستیشیان گرت بەسەر دوو چەکی جۆری کڵاشینکۆف و ئۆتۆمبێلێکدا، لە ئێستادا تۆمەتباران بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی ۳۱/٤۰٥ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون.

 

ک.ک