دوو گەنج لەکاتی چوونیان بۆ کرێکاریی گیانیان لەدەستدا

لە گەرمیان دوو کرێکاری گەنج لەکاتی چوونیان بۆسەر کار، تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوون و گیانیان لەدەستدا.


سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لەسەر ڕێگای شارۆچکەکانی کەلار- کفری، نزیک شارەدێی ڕزگاریی، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە دوو گەنجی دا و هەردووکیان گیانیان لەدەستدا.

ئەو دوو گەنجە، کە ناویان کاروان ڕۆستەم تەمەن ٣٠ ساڵ و خەلیل عەبدوڵا تەمەن ٢٧ ساڵ بوو، کرێکاربوون و لەڕێگادابوون بۆ چوونە سەر کار، بارهەڵگرەکەش زۆر بەخێرایی لێیداون، بۆیە دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.

بە وتەی جەمال قەدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، شۆفێری بارهەڵگرەکە بەپێی ماددەی ٢٤ لە یاسای سزادانی عێراقیی و بە بڕیاری دادوەر دەستبەسەر کراوە.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە، شەوی ڕابردووش ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر، کە لە سلێمانییەوە بە ئاڕاستەی شارۆچکەی دەربەندیخان دەڕۆشت، لەنزیک تۆنێلەکەی دەربەندیخان وەرگەڕا و  لە شەقامەکەوە بەرەو بەنداوی دەربەندیخان کەوتە خوارەوە و لە دووری ١٠٠ مەتر لە بەنداوەکەوە گیرسایەوە.

بەهۆی ڕووداوەکەشەوە شۆفێره‌كه‌ گیانی له‌ده‌ستدا و دوای نزیكه‌ی دوو كاتژمێر له‌ گه‌ڕان، ته‌رمه‌كه‌ی دۆزرایەوە.

ڕووداوەکەی دەربەندیخان

کاروان ڕۆستەم

خەلیل عەبدوڵا

 

ش.ف