دوکانێک و ٥٥ ساڵ تەمەن

٥٥ ساڵە ڕێگای دوکانێک دەپێوێت، کە بژێوی ژیانی پێ دابینکردووە و بووە بە شوێنی یادگارییەکانی، ئێستا تەمەن و نەخۆشی وای لە مام عەبدولڕەحمان کردووە، ڕۆژانە تەنها چەند کاتژمێرێکی کەم لە دوکانەکەیدا بمێنێتەوە.


عبدولڕەحمان محەمەد، تەمەنی ٨٦ ساڵە و لە گەڕەکی کانی ئاسکانی شاری سلێمانی لەدایکبووە و دوکاندارێکی کۆنی قەیسەری نەقیبە و لە ساڵی ١٩٦٣-ەوە لەو قەیسەرییە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی ئەو دوکانە بووە.

لە دوکانەکەی مام عەبدولڕەحماندا بابەتی جوانکاری ژنان و پیاوان هەیە، بەڵام لە ڕابردوودا جگە لە بابەتی جوانکاری پۆشاکیشی فرۆشتووە و لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی چووە بۆ بەغدا و پۆشاکیان هاوردەی سلێمان کردووە و بە کۆ فرۆشتوویانە بە دوکاندارانی دیکە، بەڵام ئێستا خۆیان هاوردەی ناکەن و لە فرۆشیارانی دیکەی دەکڕنەوە.

بژێوی ژیانی مام عەبدولڕەحمان و شەش منداڵەکەی لەسەر ئەو دوکانە بووە و وەک خۆی دەڵێت: دوکانداری ئەوکاتە جیاواز بوو، تەنانەت ئۆتۆمبێل و خانووشم بە پارەی ئەو دوکان کڕیوە، بەڵام ئێستا بەهۆی قەیرانەوە ٧٥% کڕیارمان کەمیکردووە.

کڕیارەکانی ئەو دوکاندارە جیاوازە و کڕیار هەیە لە شەستەکانەوە پێداویستی لادەکڕێت، مام عەبدولڕەحمان دەڵێت، کڕیارم هەیە کە دێت بۆ لام دەڵێت لە ڕابردوو لەگەڵ نەنکم هاتووم بۆ شت کڕین، لەبەر ئەوەی لە کەسایەتی خۆم و لە شتەکانی دوکانەکەم ڕازین.

لە ساڵی شەستەکانەوە لە قەیسەری نەقیبدا هەموو جۆرە پێداویستیەکی وەکو خواردن و بازرگانی و پۆشاک و پێڵاو و چەندین پێداویستی دیکە فرۆشراوە، بەڵام ئێستا کەمتر ئەوانەی تێدا دەفرۆشرێت و زۆربەی بووە بە کەمالیات و بابەتی بەرگدروو و یاری منداڵان.

قەیسەری نەقیب کە دوکانەکەی مام عەبدولڕەحمانی تێدابووە، دووجار لافاو لێی داوە وە جارێکیش سوتاوە هەرچی شتیان هەبووە لەناوچووە و قەرەبووش نەکراونەتەوە و خۆیان دوکانەکانیان سەرلەنوێ چاکردووەتەوە.

لەبارەی هۆکاری سووتانی قەیسەرییەکەوە، ئەو دوکاندارە وتی: لەساڵی ١٩٨٧ لەسەردەمی ڕژێمی بەعس لە قەسەرییەکە ئەفسەرێک کوژرا، ئەوکاتە هەرکەسێک بکوژرایە ئەم شوێنە مانگێک دادەخرا، بۆیە لە دوای کوشتنی ئەفسەرەکەوە دوکانەکانمان داخرابوو، نزیکەی هەشت ڕۆژێک لەماڵەوە بووین قەیسەریەکە سووتا، کە هاتین هیچمان بۆ دەرنەچوبوو هەمووی سوتابوو.

مام عەبدولڕەحمان لە تەمەنی گەنجێتیدا و لە ساڵەکانی (٨٠-٩٠) چەندین گەشتی بۆ تورکیا و نەمسا و پۆڵەنیا و ئەردەن و ئێران ئەنجامداوە، وەک خۆی دەڵێت، گەشتکردنی ئەو سەردەمە ئاسان بوو، گەشتکردن بۆ ئەردەن ڤیزای نەدەویست و حکومەتی عێراق بۆ وڵاتانی ئەوروپا پارەی بۆ خەرجدەکردن.

قەیسەری نەقیب، یەکێکە لە قەیسەرییە کۆنەکانی شاری سلێمانی، لەساڵی ١٩٠٠ لەلایەن شێخ مستەفای نەقیب، کە نەوەی کاک ئەحمەدی شێخ بووە دروستکراوە، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان قەیسەرییەکە بەسەرپەرشتی وەستایەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروستکراوە بەناوی وەستا ڕەجەب، بە دووساڵیش کارەکانی تەواو بووە، لەو وڵاتانەی مام عەبدولڕەحمان گەڕاوە تەنها لە تورکیا قەیسەری هاوشێوەی قەیسەری نەقیب هەبووە.

لەدوای ٥٥ ساڵ، ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی تەمەنی و دەرکەوتنی چەندین نەخۆشی، مام عەبدولڕەحمان ناتوانێت بەردەوام لە دوکانەکەیدا بێت، ڕۆژانە لە کاتژمێر ٩ی بەیانی تاوەکو کاتەکانی نیوەڕۆ لەوێ دەمێنێتەوە و پاشان بەرەو ماڵەوە ملی ڕێگا دەگرێتەبەر و خوشکەزایەکی لەبری ئەو دوکانەکە بەڕێوەدەبات.

,mjhl,.JPG

ب.ل/ڕ