دۆخی کرێکار و کرێنشینان لە سەردەمی بێ پلانیی حکومەتدا

قەدەغەی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان، زۆرینەی سێکتەرەکانی ژیانی پەکخستووە، بەتایبەتیش کاریگەریی لەسەر باروگوزەرانی خەڵکانی کرێکار و کرێنشین و کەمدەرامەتان کردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هێشتا پلانێکی بۆ چارەسەری ئەو دۆخە نییە و لەبری هاوکاریکردنی خەڵک تەنها چاوی لە دەستی خێرخوازانە.


نزیکەی دوو هەفتەیە لە چوارچێوەی گرتنەبەری ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، قەدەغەی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوە و بڕیارە تاوەکو ١ی نیسان درێژەی هەبێت، جیاواز لە وڵاتانی دنیاش لە هەرێمی کوردستان لەبری ئەوەی حکومەت پارە بداتە هاوڵاتییەکانی بە هۆی بێکاربونیانەوە، حکومەت داوا لە خەلک و خێرخوازان دەکات پارە بدەن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان، ئەوەش خەڵکی نیگەران کردووە.

خەڵکێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان کرێنشینن و لە خانوو و دوکانی کرێدان، ئێستا بەهۆی قەدەغەوە هیچ داهاتێکیان نییە و بەشێکیان توانای دابینکردنی بژێوی ژیانیان نەماوە، ئەمەش وایکردووە نەتوانن کرێی خانوو و دوکانەکانیان دابین بکەن.

بەپێی ئامارێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانیش کە ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە بڵاویکردەوە، لەماوەی ١٢ ڕۆژدا بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆوە، ٤١.٨٪ی هاوڵاتیان ڕووبەڕووی بێکاریی بوونەتەوە و ٧٣.٤٪ ی هاوڵاتیان کێشەی ئابوورییان بۆ دروست بووە.

ئاسۆ فایەق، دوکاندارە لە شەقامی پیرەمێرد-ی شاری سلێمانی، بەوتەی خۆی، مانگانە نزیکەی هەزار و ٥٠٠ دۆلار کرێی دوکان و کۆگا و ڕیکلام دەدات، بەڵام ١٢ ڕۆژە نەیتوانیوە دوکانەکەی بکاتەوە و هیچ داهاتێک پەیدا بکات.

ئەو دەڵێت: تەنانەت ڕێگاشمان پێنادرێت بەشێوەی گەیاندن کار بکەین، ئەگەر ئەم دۆخە بەمشێوەیە بەردەوامبێت من ئەم مانگە ناتوانم هیچ کرێیەک بدەم، چونکە ئەگەر داهاتمان نەبێت چۆن دەتوانین کرێ بدەین.

یادگار سدیق-یش دانیشتووی گەڕەکی کانی گۆمە-ی سلێمانییە و پیشەی کرێکارە و لەهەمانکاتدا کرێنشینیشە، ئەو بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: ماوەی ١٥ ڕۆژە لە ماڵەوە دانیشتووم و هیچ کارێکمان نییە، ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوامبێت بەڕاستی ناتوانم نە کرێی خانوو بدەم نە بژێوی ژیانی خێزانەکەشم دابین بکەم.

داواکاریشە لە حکومەتی هەرێم لانیکەم کرێی خانوویان بۆ دابین بکات، تا ئاسایبوونەوەی بارودۆخەکە و گەڕانەوەیان بۆ سەر کارەکانیان.

 

پێشتریش ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی پرسیاری ئاژانسی ڕۆژنیوزدا لەمباریەوە ڕایگەیاند: لە یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەو پرسە گفتوگۆی لەسەر كراوە و بەم نزیكانەش كار دەكرێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک، چونكە خەڵكی زۆر زیانیان بەردەكەوێت.

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم ئەوەشی وتبوو: لە كۆبوونەوەكانی لیژنەكە قسە لەسەر ئەوە كراوە، ئەو كەسانەی قەرزاری حكومەتن لە ماوەی  ئەو دوومانگەدا باجەکانیان بۆ كەم بكرێتەوە، هەموو ئەو داواكاری و ڕاسپاردانەی لای سەرۆكی حكومەت هەیە، لە نزیکترین کاتیشدا، سەرۆكی حكومەت لە كۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دیراسەی ئەو دۆخە دەكات.

 

بەڵام ئەندامێکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان دەڵێت، "قاسەی حکومەت بەتاڵە و پارە لای خەڵکانی دەوڵەمەند و ژێرزەمینی حزبەکانە" بۆیە حکومەت ناتوانێت وەک پێویست هاوکاری هاوڵاتیان بکات لەم دۆخەدا.

ڕزگار محەمەد مەحمود، کە هاوکات ئەندامی لیژنەی شاره‌وانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزارە لە پەرلەمانی هەرێم، دەشڵێت: داوامان لە حکومەتی هەرێم کردووە لە باجی خاوەن موڵکەکان خۆشببێت بۆ ئەوەی ئەوانیش هاوکاریی کرێنشینان بکەن و ئەم ماوەیە کرێیان لێ وەرنەگرن، بەڵام جارێ بڕیاری یەکلاکەرەوە نییە.

دەشڵێت: "ئەم دۆخە بە خێری خەڵک چارەسەر نابێت، بەڵام لە ڕاستیدا قاسەی حکومەتیش بەتاڵە و بە ئەستەم دەتوانێت مووچەش دابین بکات، پارەش لای خەڵکانی دەوڵەمەند و بەرپرسان و ژێرزەمینی حزبەکانە، بۆیە حکومەتیش ناتوانێت وەک پێویست هاوکاری هاوڵاتیان بکات لەم دۆخەدا".

ک.س