دەستگیرکردنی چەند باندێکی دزیکردن و ماددەی هۆشبەری ڕاگەیەندرا

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، پۆلیسی ڕاپەڕین دەستگیرکردنی سێ باندی تایبەت بە دزینی ئۆتۆمبێل و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و تێکدانی ئارامی و ئاسایش لە هەردوو شارۆچکەی ڕانیە و قەڵادزێ ڕاگەیاند.


ئەمڕۆ شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا دەستگیرکردنی سێ باندی لە شارۆچکەکانی ڕانیە و قەڵادزێ-ی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین ڕاگەیاند.

لە کۆنگرەکەدا شۆڕش ئیسماعیل وتی: سێ باندەکە بریتیبوون لە دوو باندی دزیکردن، کە یەکێکیان تۆمەتبارە بە دزینی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان و ئەوی دیکەشیان بە دزینی پارە و قۆڵبڕین، هەروەها باندی سێیەمیش تۆمەتبارن بە بەکارهێانی ماددەی هۆشبەر و تەقەکردن لەماڵی هاوڵاتیان، لە ئێستادا سەرجەم ئەو تۆمەتبارانە دەستگیرکراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە، ئەو باندانە ڕەگەزی نێرن و دووکەس دووکەس پێکەوە کاریان کردووە و تەمەنیان لە ۱٨ ساڵان بۆ ۳۰ ساڵ-ن.

وتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوەشکرد، بە هاوکاری پۆلیسی شەقڵاوە توانیویانە ئۆتۆمبێلێک لە شارۆچکە شەقڵاوە بۆ خاوەنەکەی بگەڕێننەوە، دوو ئۆتۆمبێلی دیکە دزراون و براونەتە دەرەوەی ئیدارەی ڕاپەڕین.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و پارە و مۆبایل لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین دزران، هەروەها تەقە لەماڵی چەند هاوڵاتییەک کرا و نارنجۆکێک-یش خرایە بەردەم ماڵی سەرۆکی پێشوتری شارەوانی قەڵادزێ، ئەو ڕووداوانەش ترس و دڵەڕاوکێی بۆ هاوڵاتیان دروستکرد.

س.ح