دەستەی مافی مرۆڤ: زۆربەی تاوانەكان بە دەمانچە و كڵاشینكۆف دەكرێن

سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم، ڕەخنە لە بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ دەگرێت  و پێیوایە دەبوو بڕیاری داخستنی ئەو شوێنانەی دەربكردایە، كە مامەڵەی چەك و تەقەمەنییان تێدا دەكرێت، دەشڵێت"زۆرینەی تاوانەكان بە دەمانچە و كڵاشینكۆف ئەنجام دەدرێت"، پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت: حكومەت بڕیاربدات، بۆ چەكی بێ مۆڵەت پشكنین بۆ ماڵەكان دەكەین.


ڕۆژی ١٠ی شوبات، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بڕیاریدا داماڵینی هەموو جۆرە چەكێكی قورس و مامناوەند جگە لە چەكەكانی جۆری كڵاشینكۆف و دەمانچە، ئەوەش لە پێناو "نەهێشتنی دیاردەی چەكداریی".

بەگوێرەی بڕیارەكە، گشت چەكێكی قورس و مامناوەند جگە لە كڵاشینكۆف و دەمانچە دادەماڵدرێن و دەست بەسەر ئەو چەكە بێ مۆڵەتانەدا دەگیرێت، كە لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەكاردەهێندرێن و ڕێكاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

دەربارەی چۆنییەتیی كۆكردنەوەی ئەو چەكانەش، لە بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە: لە سەنتەری هەر شار و شارۆچكەیەك و شارەدێیەك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی پۆلیس و ئاسایش بنكەی كۆكردنەوەی ئەو چەكانەی ڕادەست دەكرێن یان دەستی بەسەردا دەگیرێت و كۆدەكرێنەوە و لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتمەندەوە جەرد دەكرێن و ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە دەكرێن.

وەزارەتی ناوخۆ ئاگاداری ئەو هاوڵاتیانە دەكاتەوە، كە دەمانچە و كلاشینكۆفی بێ مۆڵەتیان هەیە، لەو بنكانە تۆماری بكەن و ئەو چەكانەی دیكەش كە مۆڵەتیان بۆ وەرناگیردرێت ڕادەستی بكەن.

هەر بەگوێرەی نووسراوەكە، لەڕۆژی دەرچوونی بڕیارەكەوە هاوڵاتیان دەتوانن چەكەكانیان ڕادەستبكەن، بەپێچەوانەشەوە دوای كۆتاییهاتنی ئەو ماوەیە، هەر چەكێك دەستی بەسەردا بگیرێت خاوەنەكەی بەپێی یاسای چەك ڕەوانەی دادگا دەكرێت.

ڕۆژی ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ هەڵمەتێکی ١٥ ڕۆژیی ڕاگەیاند بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی چه‌كداریی و كۆنتڕۆڵكردنی بازاڕه‌كانی چه‌كفرۆشیی و داواکارییەکەیان ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد.

لەبارەی بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆوە، کە دوای هەڵمەتەکەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ درا، زیا پەترۆس، سەرۆكی دەستەکە، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: پێویستبوو، وەزارەتی ناوخۆ پێش دەركردنی ئەم بڕیارە، بڕیاری داخستنی ئەو شوێنانەی دەربكردایە، كە مامەڵەی چەك و تەقەمەنییان تێدا دەكرێت.

هەرچەندە بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ قەدەغەکردنی دەمانچە و کڵاشینکۆف ناگرێتەوە، بەڵام زیا پەترۆس، جەختیکردەوە، "زۆرینەی تاوانەكانی كوشتن و تەقەكردن بە دەمانچە و كڵاشینكۆف ئەنجامدراوە".

لەگەڵ ڕەخنەکانیشیدا، سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ، بە گرنگی دەبینێت بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت و وتی:"دەبێت ئەمە تەنها بڕیارێك نەبێت و لەسەر كاغەز بمێنێتەوە، بەڵكو لیژنەیەك پێكبهێندرێت و هێزێكی تایبەت تەرخانبكرێت، بۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە بە بەردەوامیی، نەك تەنها هەڵمەتێكی چەند ڕۆژەبێت".

سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنیوزدا، دەربارەی میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا وتی: ئێمە لایەنی جێبەجێكارین، هەركاتێك وەزارەتی ناوخۆ یان حكومەت ڕایبگەیەنێت كە پشكنینی ماڵەكان بكرێت بۆ چەكی بێ مۆڵەت، ئەوكات ڕەنگە ئێمە گەڕەك بە گەڕەك پشكنین بۆ ماڵەكان بكەین.

بەپێی یاسای ژمارە ١٦ی ساڵی ١٩٩٣ی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، كە تایبەتە بە هەڵگرتنی چەك‌، هەر هاوڵاتییەكی هەرێمی كوردستان، كە تەمەنی لە سەرووی ١٨ ساڵ بێت و لە ‌ڕووی تەندروستی و دەروونییەوە كێشەی نەبێت ‌و سزا نەدرابێت، هاوكات هۆكارێكی باوەڕپێكراوی هەبێت بۆ هەڵگرتنی چەك، مۆڵەتی پێدەدرێت، بوونی ئەم یاسایەش بووەتە هۆی ئەوەی بەشێك لە هاوڵاتیان بتوانن مۆڵەتی هەڵگرتنی چەك بەدەست بهێنن، بەڵام لەلایەكی دیكەوە بەهۆی ئەوەی بە ئاسانی چەك لە بازاڕدا دەست دەكەوێت زۆر هاوڵاتی بێ بوونی مۆڵەت چەك دەكڕن و بەكاری دەهێنن.

لە بڕگەی سێ-ی یاسای ژمارە ١٦، باسی سزای ئەو كەسانە كراوە كە بەبێ‌ مۆڵەت چەك هەڵدەگرن و هاتووە: ئەوەی بەبێ مۆڵەتپێدان چەكی ئاگرین یان کۆگای چەک لەژێردەستدا بێ یان هەڵیبگرێت، سزاكەی بەندكردنە كە لە ساڵێك كەمتر نییە، هەروەها غەرامەش دەكرێ‌ت، ئەگەر مۆڵەتیشی هەبێت، بەڵام لە خۆپیشاندانێك یاخود كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا هەڵیبگرێت، بە هەمانشێوە سزادەدرێت.

ك.س