زستانی نابینایان سەختترە

وەرزی زستان بۆ نابینایانی هەرێمی کوردستان سەختترە، چونکە جگە لە گرفتی كەمیی مووچە و نەبوونی هەلی كار، گرفتی نەبوونی سوتەمەنیی و جلوبەرگی پێویستیان هەیە، وەك خۆشیان دەڵێن، حکومه‌تی هەرێم  پێداویستییەکانیان بۆ دابین ناکات، بەرپرسێکیش دەڵێت: هەوڵی دابینکردنی سوتەمەنییان بۆ دەدەین.


ڕۆژنیوز بۆ زانینی كێشەكانی نابینایان و گەیاندنی بە لایەنی پەیوەندیدار، چووە یەكێتیی نابینایانی كوردستان لە شاری سلێمانی و لەوێ ژمارەیەك لە بەرپرس و ئەندامانی یەكێتییەكەی دواند.

ئه‌ندامانی یه‌کێتی نابینایانی کوردستان باس له‌وه‌ ده‌که‌ن، که‌ كێشه‌کانی نابینایان زۆرن و حکومه‌تی هه‌رێمێش دواکاریه‌کانیان جێبه‌جێ ناکات و پێداویستیه‌کانیان بۆ دابین ناکات.

ئاوات عه‌بدولقادر، به‌رپرسی نووسینگه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی نابینایانی کوردستان، وتی:"یه‌کێک‌ له‌ کێشه‌کانمان که‌میی مووچه‌یه‌، چونکە ١٢٠ هەزار دینار دەدرێت بە که‌سانی خاوه‌ن پێداویستيی تایبه‌ت، ئه‌مه‌ش به‌شی پێداویستییه‌کانی ڕۆژانه‌مان ناکات، به‌ تایبه‌ت ئه‌و که‌سانه‌ی خێزاندارن، ئه‌و خاوەن پێداویستییانەش که‌ مووچه‌ی دیکه‌یان هه‌بێت، تەنها ٦٠ هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن، ئه‌م مووچه‌یه‌ش مانگانه‌ له‌کاتی خۆیدا نادرێت".

نابینایان، لەگەڵ هاتنی زستاندا، وەكو هاوڵاتیانی دیکەی هەرێمی كوردستان گرفتی سوتەمەنییان بۆ دروستدەبێت، هەم بينای یەکێتی نابينايان و هةم خوێندنگای نابينايانيش كة لە سلێماني-ن، گرفتی کەمیی سوتەمەنییان هەیە.

 کۆچه‌ر وه‌هاب توێژەری كۆمەڵایەتییە و یه‌کێکه‌ له ‌ئه‌ندامانی یه‌کێتیی نابینایان، وتی:"کێشه‌ی سه‌ره‌کیی نابینایان لە وه‌رزی زستاندا نه‌بوونی سوته‌مه‌نیی و جلوبه‌رگه‌".

کۆچه‌ر باسی له‌وه‌کرد، که‌ حکومه‌تی هەرێم نه‌ک ڕێزیان لێناگرێت، به‌ڵکو مافه‌کانیشیان پێشل ده‌کات و تا ئێستا نه‌یتوانیه‌وه‌ هه‌لی کاریان بۆ دابینبکات.

له‌تیف عه‌زیز، جێگری به‌ڕێوەبه‌ری چاودێریی که‌مئه‌ندامان، سه‌باره‌ت به‌ دابینکردنی سوته‌مه‌نی بۆ خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌تەكان، وتی: حکومه‌ت جگه ‌لەو‌ به‌شه‌ نه‌وتەی بە گشتیی دەیدات بە هاوڵاتیان، هیچ نه‌وتێکی دیکه‌ به‌ که‌سانی خاوه‌ن پێداویستی نادات، ته‌نها ڕێکخراوه‌ ناحکومیه‌کان ساڵانه‌ هاوکاريیان ده‌که‌ن، به‌ڵام‌ ئه‌مه‌ش به‌شی پێداویستییه‌کانیان ناکات".

ڕۆژنیوز گرفتی نابینایانی گەیاندە  هۆشیار ئیسماعیل، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی لە لیژنەی سوتەمەنیی و له‌ وه‌ڵامدا وتی:"با نابینایان داواکاریی پێشكه‌ش به‌ پارێزگار و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاری سلێمانی بکه‌ن، ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین نه‌وتیان بۆ دابینبکه‌ین".

گرفتێكی دیكەی نابینایان، نەبوونی خوێندنگای تایبەت بۆ هەموو قۆناغەکانی خوێندن و هەلی كارە بۆ ئەو نابینایانەی خوێندن تەواودەكەن، لەوبارەیەوە ژمارەیەك لەو نابینایانە وتیان: یەكێك لە کێشه‌ سەرەكییەكانی خوێندکارانی نابینا ئه‌وه‌یه‌ که‌ تەنها تا پۆلی‌ نۆی بنه‌ڕه‌تی خوێندنگای تایبه‌ت به‌ نابینایان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش گرفت بۆ خوێندکارانی نابینا دروستده‌کات و له‌ دوای پۆلی نۆوه نازانن چی بكەن بۆ تەواوكردنی خوێندن، هەروەها له‌دوای ته‌واوکردنی خوێندن هه‌لی کارکردنیان بۆ ناڕه‌خسێت، ئەمە جگە لەوەی ئەمانیش ئه‌و مووچه‌یه‌ی که‌ وەریدەگرن به‌شی پێداویستیه‌‌کانیان ناکات.

یه‌کێتی نابینایانی کوردستان له‌ ساڵی ١٩٩٤ دامه‌زراوه‌، دوو لقی سه‌ره‌کی و هه‌شت نوسینگەی له‌ شار و شارۆچکه‌کانی هەرێمی کوردستان هه‌یه‌، لقی سه‌ره‌کیی یەكێتییەكە له‌ سلێمانی-یه‌، نزیکه‌ی سێ هه‌زار ئه‌ندامی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها خوێندنگەیەكی تایبەت بە نابینایان لە سلێمانی هەیە و به‌شێكی‌ ناوخۆیی بۆ ئه‌و خوێندکاره‌ نابینایانه‌ دابینکراوه که‌ به‌مه‌به‌ستی خوێندن دێنه‌ سلێمانی، لە ئێستادا تەنها ١٢ خوێندکار لەو بەشە ناوخۆییە هەن، کتێبخانه‌یەکیان هه‌یه‌ که‌ زیاتر له‌ ١٠٠٠ کتێب و زیاتر له‌ ٧٠٠ کتێبی تۆماری ده‌نگی تێدایه‌.

ش.ف