زەردەشتی خاوەن پێداویستی تایبەت ٨ ساڵە بەعەرەبانە گوڵ و نەمام دەفرۆشێت

زەردەشتی خاوەن پێداویستی تایبەت گەنجێكی شارۆچكەی سەیدسادقە، لەڕێگەی عەرەبانەكەیەوە ڕۆژانە بە فرۆشتنی گوڵ و نەمام بژێوی ژیانی خۆی دابین دەكات و لەبری بێ هیوایی هیوا دەچێنێت، برایەكیشی دەڵێت: گوڵفرۆشی حەزێكی خێزانیمانە و بەشێوەیەكی گشتی خۆشەویستیمان بۆ گوڵ هەیە.


زەردەشت عەلی، تەمەنی ٣٠ ساڵە و دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادقە، لەگەڵ ئەوەی قاچێكی تەواو نیە ماوەی ٨ ساڵە بە عەرەبانەکەی سەرقاڵی گوڵفرۆشتنە، ڕۆژانە بەگەڕەکەكانی حەسار، كانی زەرد، شێخان، ناوبازاڕی شارۆچكەكەیدا دەگەڕێت بۆ فرۆشتنی گوڵ و نەمامەکانی کە بریتین لە (گوڵەباخ، گوڵە سادۆنیا، گوڵە كوزەڵە، گوڵە فرمێسك، گوڵە سارا، هەروەها نەمامی چنگە پشیلە، سنەوبەر و چەند جۆرێکی دیکەی نەمام).

وەک خۆی باسی دەکات: لەساڵی ٢٠٠٩ەوە موچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتیەكەی بڕاوە و لە لیژنەی پزیشكی پێیان وتووە کێشەت نیە، "هەرچەندە نەخۆشی بورانەوەم لەگەڵدایە و قاچێكیشم تەواو نیە و مانگانەش ٩٠ دەنك حەب وەک چارەسەر بەکاردەهێنم بۆ ئەوەی نەبورێمەوە، حەبەكانیشم لەدەرەوەی هەرێمی كوردستان بۆم دەنێردرێ کە مانگانە بایی ٢٠٠ دۆلارە".

زەردەشت، سەبارەت بەكارەكەی ڕوونکردنەوەی زیاتری بۆ ڕۆژنیوز خستەڕوو وتی "٨ ساڵە خەریكی گوڵفرۆشتنم لەڕێگەی ئەم عەرەبانەیەوە زۆریش لەئیشەكەم ڕازیم، ڕۆژانە نزیكەی ٢٠ هەزار پەیدا دەكەم، گوڵفرۆشتن كارێكی زۆر جوانە، حەوشەو ماڵ جوان دەكات ڕێژەی سەوزایش زیاد دەكات و بۆ ژینگەش زۆرباشە"، وتیشی: براكەم لەمەشتەل بەماتۆڕی سێ‌ تایە گوڵ و نەمامەکانم بۆدێنێ و منیش بەعەرەبانەكەم بەكۆڵان و بازاڕی سەیدسادقدا دەیگێڕم بۆ فرۆشتن".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە، شارەوانی ڕێگە نادات عەرەبانەكەم لەناو بازاڕدا بوەستێنم و ژن و پیاو و زۆربەی هاوڵاتیان گوڵەكانم لێدەكڕن، نرخی گوڵەكانیشم لە نێوان دوو هەزار بۆ ١٢ هەزار دیناردایە.

ئاوارە عەلی، برای زەردەشت بۆ ڕۆژنیوز، قسەیكرد و وتی: پیشەی گوڵفرۆشی حەزێكی خێزانی خۆمانە خۆشمان مەشتەلی گوڵ فرۆشتنمان هەیە و بەشێوەیەكی گشتی خۆشەویستیمان بۆ گوڵ هەیە، پێمان باشبوو زەردەشتی برام لەم ڕێگەیەوە گوڵ بفرۆشێت، تاڕادەیەكیش كارەكەی باشە و بژێوی خۆی پێدابین دەكات، چونکە بەهۆی ئەوەی زەردەشت چەندین ساڵە موچەی خاوەن پێداویستی تایبەتەكەیی بڕوا، ناچارە كار بكات و بژێوی خۆی پەیدا بكات، باسی لەوەشكرد، کە "گوڵەكان هەندێكیان خۆمان بەرهەمی دێنین، وەك گوڵی دەمەشێر، مینا و مێخەك، ئەوانەی دیکەش لەدەرەوەی هەرێم هاوردە دەكرێن.

سەروەر سالار، هاوڕێیەكی كۆنی زەردەشتە، ئێستا پیشەی مامۆستایە و لە بارەی هاوڕێکەیەوە وتی "من و زەردەشت هاوڕێی یەكبووین لە ساڵی ١٩٩٩ لەقوتابخانەی ڕێبین دەمان خوێند، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ژیانەوە خوێندنی زەردەشت كەمی خایاند و وازی لەخۆێندن هێنا، ئێستا كاری گوڵفرۆشی دەكات، جێگای دەستخۆشییە بۆ ئەوكارە جوانەی دەیكات، من خوێندنم تەواو كردوە ئەویش كارێكی جوانی نایابی هەڵبژاردوە كەپیشەی گوڵفرۆشتنە".

ک.س