ساردیی کەشوهەوا پەیوەندیی گوندنشینان گەرمتر دەکات

چلەی زستانە، کەشوهەوا زۆر ساردە و هەندێک جار پلەکانی گەرما دەگاتە ژێر پلەی سفری سەدیی، ئەو کەشە ساردەش پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی گوند گەرمتر دەکات.


شەوێک لە گوندی مێشەرۆ-ی سەر بە شارۆچکەی پینجوێن-ی سەر بەپارێزگای سلێمانی ماینەوە، کە ناوچەیەکی کوێستانییە و زستانێکی سەختی هەیە، لەوێ لەنزیکەوە ئاشنای ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بەهێزەبووین، کە تایبەتمەندیی کوردی ڕەسەنە، ئەگەرچی لە شارەکاندا ئەوجۆرە پەیوەندییە زۆر دەگمەنە، بەڵام لە گوندەکاندا هێشتا بە بەهیزیی ماوەتەوە.

سەرلەئێوارە و لەکاتی تەواوبوونی کارەکانیان و ئالیک دان بە ئاژەڵەکانیان، بڕیاریاندا دوای نانخواردنی ئێوارە، شەو لە ماڵی یەکێک لە گوندنشینان بەناوی 'یادگار' کۆببنەوە، تا هاوشێوەی شەوانی دیکە بە قسەی خۆش و یاریی کوردەواریی و گۆرانیی وتن، شەوگاری درێژی زستان بەسەربەرن و هیلاکیی ڕۆژیشیان بڕەوێننەوە.

گوندنشینان بە گەنج و پیرەوە ڕوویان لە ماڵی یادگار کرد، منداڵان و پیاوەکان لە هۆڵێکدا کۆبوونەوە و دەستیان بە یارییکردن کرد، بەدەم یارییکردنەوە قسەی خۆش و گاڵتەوگەپ، دواتریش دەنگخۆشەکان ئاوایی بە گۆرانیی وتن دانیشتنەکەیان خۆشتر کرد.

شەوێکی درێژ و ساردبوو، بەفر گوندەکەی سپی کردبوو، بەڵام بەبینینی ئەو لەدەوریەک کۆبوونەوەیە هەستت بە گەرمیی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی گوند دەکرد. 

گوندەکە نزیکەی ٧٠ ماڵی تێدایە، پیشەی سەرەکییان ئاژەڵداریی و کشتوکاڵە، هەرچەندە سەختی زستانی پێنجوێن و نەبوونی نەوت زەحمەتیی زۆت بۆ گوندنشینان دروست دەکات، بەڵام ئەوان لەگەڵ ئەو کەشەردەدا ڕاهاتوون و چاوەڕێی بارنی بەفری زیاتر دەکەن، تا موژدەی بەهارێکی خۆشیان پێبدات، حەمەعەلی قادر، تەمەنی ٧٠ ساڵە و دانیشتووی گوندەکەیە دەڵێت:"چاوەڕوانین بەفری زیاتر ببارێت، چونكە لەگەڵ بوونی بەفر وەرزی بەهاریشمان خۆشە".

گوندنشینان بۆ خۆگەرمکردنەوە سۆپای دار بەکاردەهێنن، بەڵام بۆ زیاننەگەیاندن بە ژینگە، داری تەڕ بەکارناهێنن و داری وشک دەبڕن.

بەهرۆز دڵشاد، گەنجێکی گوندی مێشەرۆیە، دڵخۆشە بەوەی تەکنەلۆژیا نەیتوانیوە نەریتە کوردەوارییەکانیان لەناو بسڕێتەوە و دەڵێت:"بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆجیاوە، یارییە كوردەوارییەكان لەزۆربەی ناوچەكانی كوردستان بەرەو لەناوچون ڕۆشتوون، بەڵام ئێمە وەك گەنجی گوندەكەمان هەوڵدەدەین ئەو یارییانە زیندوو بكەینەوە نەهێڵین لەناوبچن".

تا درەنگانی شەو گوندنشینان پێکەوەبوون، دواتریش بۆ نووستن هەموو چوونەوە ماڵەکانی خۆیان، تا پشووی تەواو وەرگرن و سبەی زوو هەستن بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان.

ش.ف