ساڵانە نزیکەی ٨٠٠ هەزار کەس لە جیهاندا خۆیان دەکوژن

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی ساڵانە لە جیهاندا نزیکەی ٨٠٠ هەزار کەس خۆیان دەکوژن و ٢٠ هێندەش هەوڵی خۆکوشتن دەدەن، توێژەرێکیش باس لە هەوڵی دەوروبەر دەدات بۆ پاشگەزکردنەوەی ئەو کەسانە لە هەوڵەکانیان.


ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی خۆکوژیی-یە، لەو چوارچێوەیەدا بە ئامادەکاریی ڕێکخراوی ڕووناکبیریی و ڕاگەیاندنی ژنان و لە بینای ڕێکخراوەکە، سمینارێک بۆ ساوێن هاوڕێ، دەروونناس بەڕێوەچوو.

ساوێن، لەسەرەتادا ئامارێکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی خستەڕوو، بەپێی ئامارەکە ساڵانە لە جیهاندا نزیکەی ٨٠٠ هەزار کەس خۆیان دەکوژن، واتە هەر ٤٠ چرکە جارێک کەسێک خۆی دەکوژێت و ٢٠ هێندەش هەوڵی خۆکوشتن دەدەن، ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر خێزان و کۆمەڵگا هەیە.

ئەو دەروونناسە، لە سمینارەکەدا تیشکی خستە سەر هۆکارەکانی خۆکوشتن و هەوڵدان بۆ خۆکوشتن، هەروەها چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە و ڕێگرییکردن لێی.

ساوێن هاوڕێ، توندوتیژیی لەناو خێزان، لەدەستدانی کەسی نزیک و کار و پێگەی کۆمەڵایەتی، نەخۆشیی دەروونیی، خەمۆکیی، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و نەخۆشی درێژ خایەن-ی بە بەشێک لە هۆکارەکان پەنابردن بۆ خۆکوشتن ناوبرد.

ئەو توێژەرە، رۆڵی کەسانی دەوروبەری بە گرنگ باسکرد بۆ پاشگەزکردنەوەی ئەو کەسانە لە خۆکوشتن و ئەویس بە گرنگیی پێدان و نیشاندانی پاڵپشتیی، هەروەها گوێگرتن لێیان و نیشاندانی هاوسۆزیی.

دواتر ئامادەبووان تیشکیان خستە سەر گرنگی سیمینارەکە و بە سەرنج و پێشنیارەکانیان بەشدار بوون، پاشان کۆتایی بە سیمینارەکە هات.

ش.ف