سلێمانی، تەرمی هاوڵاتییەك دۆزرایەوە

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، لە شاری سلێمانی تەرمی هاوڵاتییەك دۆزراوەتەوە، كە فیشەك بە سەریەوە بووە.


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی هاوڵاتییەك لە ماڵەكەی خۆیدا و لە شوقەكانی سائیب ستی لە شاری سلێمانی دۆزرایەوە، كە فیشەكێك بە سەریەوە بووە.

پۆلیسی سلێمانی لە لێدوانێكی نوسراودا بڵاوی كردەوە، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمی بەڵگەی تاوان، كەشف و هێڵكاری بۆ شوێنی ڕووداوەكە كرا و تەرمەكەی گواسترایەوە بۆ پزیشكی دادوەری لە شاری سلێمانی.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، هاوڵاتییەكە ناوی (گ ، م ، س) و لەدایكبووی ١٩٧٧ یە.

پۆلیسی سلێمانی باسی لەوە نەکردووە، کە ڕووداوەکە کوشتن بووە یان خۆکوشتن بووە، تەنها دەڵێت: لە ئێستادا لەلایەن بنكەی پۆلیسی چوارچراوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ هۆكاری گیانلەدەستدانی هاوڵاتییەكە كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن.

بەپێی ئامارێك، كە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەكان لای خۆی تۆماریكردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢١٧ كەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری كوردستان كوژراون یان خۆیان كوشتووە، ئەمە بێجگە لەو كوشتنانەی، كە بەهۆی كردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی كە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

 

ک.ک