سلێمانی، ١٤٠ بازرگان و بەکاربەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون

لە ماوەی حەوت مانگدا ١٤٠ بەکاربەر و بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیرکراون.


ئەمڕۆ کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ، جەلال ئەمین، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە سلێمانی، کە سەر بە ئاسایشە، لە ناوەندی خۆیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجامدا و چەند ئامارێکی خستەڕوو.

بەگوێرەی ئامارەکە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ١٤٠ بازرگان و بەکاربەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، کە لەناویاندا ژن-یش هەیە.

هەروەها، لەماوەی ١٥ ڕۆژی ڕبردوودا، هێزەکانی ئاسایش سێ باندیان دەسگیرکردووە، کە لە هەشت کەس پێکهاتوون و سیانیان بازرگان و پێنجەکەی دیکەشیان بەکاربەری ماددەی هۆشبەر بوون.

هەر بەگوێرەی ئامارەکە، ئەو ماددانەی دەستیبەسەردا گیراوە پێکهاتوون لە شیشە، حەشیش، هێرۆین، تلیاک و کریستاڵ و چەندین جۆری حەب، کە لە هەمووی ترسناکتر "کریستاڵە" کە وا لە بەکاربەر دەکات تاوان بکات و  لەدوای ئەویش هیرۆین دێت.

بڕی ئەو ماددانەش ١٠کیلۆ گرام ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆر و ٥٢ ملیۆن حەب بوون.

لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە دەنگۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە کافتریاکاندا و تێکەڵکردنی لەگەڵ نێرگەلە، جەلال ئەمین، وتی: تائێستا حاڵەتی وامان نەبووە و کەسمان لەسەر دەستگیرنەکردووە.

 


 

ش.ف