سلێمانی، ٧٧ خێزان چاوەڕوانی وەرگرتنی منداڵن

لە پارێزگای سلێمانی ٧٧ خێزان لە چاوەڕوانی وەرگرتنی منداڵی بێ سەرپەرشتن، ئەو منداڵانەی کە کەسوکاریان نییە و بێلانەن، یان لە خانەکانی داڵدەدانی منداڵاندان.


بە گوێرەی ئاماری شەش مانگی ئەمساڵی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی پارێزگای سلێمانی، لە پرۆژەی خێزانی جێگرەوەدا ٧٧ خێزان ناویان تۆمارکردووە و دەیانەوێت منداڵی بێ سەرپەرشت بەخێوبکەن.

هەروەها لەم شەش مانگەدا دوو منداڵ نێردراونەتە ناو خێزانی جێگرەوەكان، بەمجۆرە سەرجەم ژمارەی منداڵەكان لە دوای دروستبوونی پرۆژەی خێزانی جێگرەوە لە ٣١-٨-٢٠١٧ تا ئێستا بوونەتە هەشت منداڵ.

‌لەو ٧٧ خێزانەی کە ناویان تۆمار کردووە بۆ وەرگرتنی منداڵ، سێ خێزانیان ئامادەكراون بۆ وەرگرتنی منداڵ و ئەو پرۆسە یاساییەیان تەواوکردووە کە پێویستە پێش وەرگرتنی منداڵەکە ئەنجامی بدەن، هەروەها ١٠ خێزانیش پەسەندكراون ‌و پرۆسە یاساییەکەیان دەستپێکردووە بۆ وەرگرتنی منداڵ.

پڕۆژه‌ی‌ خێزانی‌ جێگره‌وه‌ چییه‌؟

پڕۆژه‌یه‌كه‌ كارده‌كات بۆ گه‌ڕان‌ و دۆزینه‌وه‌ی‌ خێزانی‌ شایسته ‌و ئاماده‌یان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببنه‌ لانه‌یه‌كی‌ ئارام ‌و خێزانێك بۆ ئه‌و منداڵانه‌ی‌ به‌ هه‌ر هۆكارێك باوه‌شی‌ خێزانه‌كانیان له‌ ده‌ستداوه ‌و ڕوویان له‌ خانەکانی‌ داڵدەدانی منداڵان کردووە، له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ چاودێری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌.

ئامانجی‌ خێزانی‌ جێگره‌وه‌ چییه‌؟

ئامانجی‌ خێزانی جێگره‌وه‌ بریتییه‌ له‌ دابینكردن‌ و ڕه‌خساندنی‌ هه‌موو جۆره‌كانی‌ چاودێری‌ بۆ ئه‌و منداڵانه‌ی‌ كه‌ چاودێریی‌ خێزانی‌ ده‌یانگرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها په‌روه‌رده‌كردنیان به‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی‌ ڕاست‌ و دروست‌ و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و سۆزو خۆشه‌ویستییه‌ی‌ له‌ ده‌ستیانداوه،‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ ڕه‌خساندنی‌ ژینگه‌یه‌كی‌ خێزانی‌ جێگره‌وه‌ بۆیان.

س.ح