سلێمانی، ٩٥% ئەوانەی سواڵ دەکەن منداڵانی ئاوارەن

قائیمقامی سلێمانی ڕایگەیاند، ٩٥% منداڵانی سواڵکەر ئاوارەن و تەنها ٥% خەڵکی سلێمانین و ڕێگەی توندتر دەگرنەبەر بۆ بنەبڕکردنی دیاردەی سواڵکردن.


پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، قائیمقامیەتی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوە بۆ دیاریکردنی میکانیزمێک بۆ بنەبڕکردنی دیاردەی سواڵکرد لە شاری سلێمانی.

دوای کۆبوونەوەکە ئاوات محەمەد، قائیمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا و وتی: کۆبووینەوە تاوەکو بەرنامە و میکانیزمی گونجاو سەبارەت بنەبڕکردنی دیاردەی سواڵکردن دابنێین، هەروەها لەگەڵ دادوەرەکان کۆبووینەتەوە تاوەکو توندتر ڕووبەڕووی ئەم حاڵەتانە ببینەوە.

وتیشی: لە ساڵی ڕابردوو ٢٤٢ منداڵ چەندینجار دەستگیرکراون، ٩٥٪ ئەو منداڵانەی سواڵ دەکەن لەو خێزانانەن کە ئاوارەن و ٥٪ ئەو منداڵانەش خەڵکی سلێمانین.

لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنیوز سەبارەت بەو باندانەی کە سواڵ بە منداڵەوە دەکەن، قائیمقامی سلێمانی وتی: لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگادارکردووەتەوە و سکاڵا لەسەر ئەو باندانە دەکەین و دەستگیریان دەکەین.

هەروەها سەبارەت بە سواڵکردن بە منداڵانی ساوا، ئاوات محەمەد وتی: بەرنامە و ڕێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر بۆ نەهێشتنی سواڵکردن بە منداڵانی تازە لەدایکبوو، ئەم بابەتە پێویستی بە بودجەیەکی تایبەتە و ڕێژەی ئاوارەیەکی زۆریش هاتوونەتە ناو شاری سلێمانی و سواڵ دەکەن، زۆربەی ئەو دایکانەشی کە منداڵی تازە لەدایکبوو بۆ سواڵ بەکاردەهێنن ئاوارەن.


ک.ک