سلێمانی، کێشەکانی کەمئەندامان خرانە ڕوو

لە شاری سلێمانی گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی کەمئەندامانەوە کرا و بە پێویست زانرا، کە حکومەت و پەرلەمان بەدەم داواکارییەکانیانەوە بچن.


ئەمڕۆ لە هۆڵی هوتێل تایتانیک لە شاری سلێمانی، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ پشتیوانی کەمئەندامان و  فشارخستنەسەر حکومەتی هەرێم بەمەبەستی دەرکردنی چەند بڕیارێکی چارەنوسساز تایبەت بە ژیان و گوزەرانی کەمئەندامان بەڕێوەچوو.

سەرەتا، سامان حسێن، لێپرسراوی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان لە سلێمانی، باسی لە دۆخی کەمئەندامان کرد و وتی: بارودۆخیان زۆر دژوارە، مانگانە ١٠٠ هەزار دینار وەردەگرن، ئەو بڕە پارەیە هیچ کات نەیتوانیوە داخوازییەکانی کەمئەندامان پڕ بکاتەوە، کە نەبوونی بارێکی باشی ئابووریی بووەتە هۆی جیابوونەوەی زیاتر لە پەنجا خێزانی کەمئەندام.

سامان ڕەخنەی لە یاسا گرت، کە بۆ دەبێت یاسا ڕێز لە مافی کەمئەندامان نەگرێت و ئەوەشی وت: ئەرکی حکومەت و پەرلەمانە کە مافەکانمان دابین بکات.

پاشانیش چەند وتارێک پێشکەش کرا و داوا لە هەموو لایەک بە تایبەت سەرمایەدارەکان کرا کە بە دەنگ داواکاری کەمئەندامەوە بێن.

هەروەها لە چوارچێوەی ئەو مەراسیمە، شانۆیەک لە لایەن گروپێک لە منداڵان پێشکەش کرا کە باس لە کێشە و گرفتەکانی کەمئەندام و کەسانی نابینا کرا، کە دەبێت لە ناو کۆمەڵگادا ڕێزیان لێبگیرێت و هاوکارییان بکرێت.

شادیە عەبدولحەلیم، یەکێک لەو کەسانە بوو کە کێشە لە قاچەکانیدا بوو و بە دارشەق هاتوچۆی دەکرد، لەسەر کێشەکانیان وتی: ئێمەی کەمئەندام کێشەی نەبوونی ئۆتۆمببێل و پێداویستی ڕۆژانەمان هەیە و مافەکانمان پێشێل دەکرێت.

جێگای ئاماژەیە زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەمئەندام لە هەرێمی کوردستان هەن و چەندین جار بە گردبوونەوە، ناڕەزایەتی و چالاکی جۆربەجۆر ناڕەزایەتییان لە سەر پێشێلکردنی مافەکانیان دەربڕیوە.

ش.ف