سلێمانی، گەنجێك بووە قوربانی شەڕی دوو بنەماڵە

لە شارەدێی عەربەت سەربە سلێمانی، بەهۆی كێشەی نێوان دوو بنەماڵەوە، گەنجێكی تەمەن ١٩ بە فیشەك كوژرا، ئەوەش دوای ئەوەی لە شەڕەكەدا فیشەك بەر ئەو گەنجە كەوتووە.


پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاندوە، دوێنێ‌، لە شارۆچكەی عەربەت بەهۆی شەڕ و دەمەبۆڵەی نێوان دوو بنەماڵەوە گەنجێكی تەمەن ١٩ ساڵ بە فیشە كوژراوە.

پۆلیسی سلێمانی ڕاشیگەیاندووە: دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمە فریاگوزارییەكان، گەنجەكە بە برینداری ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا و تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادوەری لە شاری سلێمانی كرا.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە: گەنجەكە ناوی (ب ، ز ، غ) ، لەدایكبوی ١٩٩٩ یەو دانیشتوی شارەدێی عەرەبەتە، لە ئێستاشدا پەڕاوی لێكۆڵینەوە لەلایەن بنكەی پۆلیسی عەربەتەوە بۆ ڕوداوەكە كراوەتەوە و فەرمانی دەستگیركردن بۆ تۆمەتباری ڕوداوەكە دەرچووە و هەموو بەش و بنكە و هێزەكانی پۆلیس لە ناسنامەی تۆمەتبار ئاگاداركراونەتەوە بۆ دەستگیركردن .
بەپێی ئامارێك، كە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەكان لای خۆی تۆماریكردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ١٨٦ كەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری كوردستان كوژراون یان خۆیان كوشتووە، ئەمە بێجگە لەو كوشتنانەی، كە بەهۆی كردەوەی تیرۆرستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی كە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

بەپێی ئاماری دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، لە ماوەی ٦ مانگی ئەمساڵدا لە هەرێمی كوردستان ١٨٠ كەس كوژراون یاخود خۆیان كوشتووە، ئەمە جگە لەو كوشتن و خۆكوشتنانەی كە دەكەوێتە ناوچە دابڕێندراوەكانەوە.

بەهۆی ئەوەی، ئەوەی لە ساڵیكدا تەنیا دوو جار دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان ئاماری كوشتن و خۆكوشتن بڵاودەكاتەوە، ڕۆژنیوز هەوڵ دەدات بەپێی ئەو هەواڵانەی ڕۆژانە بەدەستی دەگات، ئامارەكان لای خۆی كۆبكاتەوە، بەڵام مەرج نییە لەگەڵ ئاماری دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ كت و مت وەك یەك بن.


ک.ک