سوپای تورک ئامادەکاری بۆ هێرشێکی نوێ دەکات

سوپای داگیرکەری تورک لە هەوڵی ئەوەدایە چەتە و چەکە قورسەکانی لە نێوان سەرێکانی و تل تەمر و هێڵی زڕگان بۆ هێرشێکی نوێ جێگیر بکات.


بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هاوار سوپای داگیرکەری تورک جموجوڵەکانی بۆ جێگیرکردنی گروپە چەتەکانی و هەروەها چەکی قورس لە ناوچەکانی نێوان سەرێکانی و تل تەمر و نزیک ناوچەی زڕگان لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە.

بەپێی هەواڵەکە زۆرترین جموجوڵی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە نزیک گوندی عەین ئەلهەوا لە نێوان ناوچەی تل تەمر و زڕگان و هەروەها لە گوندی مەحمودیەی سەربە تل تەمر دایە.

بەیانی ئەمڕۆش فڕۆکە سیخوڕییەکانی سوپای داگیرکەری تورک بێ وەستان بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕاونەتەوە.

ک.س