سۆران، شەش ساڵە گوندی جۆنەرە تینووە

ئەگەر ڕۆژێك تانكەری ئاویان بۆ نەچێت، بە تەواوی بێئاو دەبن، حکومەت ماوەی شەش ساڵە بەوجۆرە ئاوی خواردنەوەی گوندێکی ١٥٠ ماڵی لە سنوری شارۆچکەی سۆران دابیندەکات، دانیشتوانی گوندەکەش دەڵێن: لەوماوەیەدا ١٥٠ هەزار دۆلاریان لە کڕینی ئاودا خەرجکردووە و حکومەت دەیتوانی بە کەمتر لەو پارەیە تۆڕی ئاو لە گوندەکەدا جێبەجێبکات.


گوندی جۆنەرە، بە دووری ١٧ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شارەدێی خەلیفانی سەر بە شارۆچکەی سۆرانی سنوری پارێزگای هەولێر دورە و لەناو شاخ و سەوزاییەکی سروشتی جواندا هەڵکەوتووە، بە پەنای پرۆژەی بەنداوی بێخمەوە گوندەکە لە بێئاویدا تینووە، لە کاتێکدا تەنها کەمتر لە پێنج کیلۆمەتر لێیەوە دوورە و ماوەی شەش ساڵیشە لە جیاتی ڕاکێشانی هێڵی بۆری ئاو، بە تانکەر ئاویان بۆ دابین دەکرێت.

گوندەکە ڕۆژانە زیاتر لە ١٠٠ هەزار لیتر ئاوی پێویستە، بەڵام کەمتر لەو بڕە پێویستە، ئاویان بۆ دابیندەکرێت و هەر ماڵەو لە هەفتەیەکدا ڕۆژێک ئاوی بەردەکەوێت.

لە ساڵی ٢٠١٤ەوە کۆمپانیایەک لە ڕێگەی تەندەرینەوە بیرێکی ئیرتیوازی بۆ گوندەکە لێداوە و لە ڕێگەی تانکەرەوە ئاوەکەی بەسەر خەڵکی گوندەکەدا دابەش دەکات.

تاریق ستار، شۆفێری تانكەری ئاوەو دەڵێت: سەرچاوەی ئاوی بیرەکە کەمەو بەشی پێویستی گوندەکە ناکات، لەگەڵ ئەوەشدا بیرەکە كۆگای گلدانەوەی ئاوی نییە، هەربۆیە گوندەکەیان کردووە بە چەند بەشێکەوە و هەموو ماڵێک هەفتانە یەکجار ئاوی بەردەکەوێت.

هاشم عەبدوڵا، دانیشتوی گوندی جۆنەرە و باس لەوە دەکات، سەرباری کەمی ئاوەکە، کێشەی پاکی ئاوی خواردنەوەشیان هەیە، دەشڵێت "پارەی ئەو شەش ساڵەی دراوە بە تانكەر، دەتوانرا تەواوی پرۆژەیەکی ئاوی پێ جێبەجێ بكرێت".

ئەیوب مستەفاش دانیشتووی گوندەکەیە و دەڵێت: ئەو ئاوەی کە بەسەریاندا دابەشدەکرێت، کەمە و بەشی پێداویستی ڕۆژانەیان ناکات، هەربۆیە جگە لەو تانکەرە ئاوەی وەریدەگرن، هەفتانە تانکەرێکی دیکەش ئاو لەسەر گیرفانی خۆیان دەکڕن.

بەوتەی ئەو گوندنشینە، ساڵانە هەر ماڵێك لە گوندەکە بایی ١٥٠ هەزار دینار ئاو دەكڕێت، داواش لەسەرۆكی حكومەتی هەرێم دەكات كێشەی کەمئاوی گوندەکەیان چارەسەر بکات تا ناچار نەبن جێیبهێڵن.

گوندنشینانی جۆنەرە باس لەوە دەکەن، لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا نزیکەی ١٥٠ هەزار دۆلاریان لە کڕینی ئاوی تانکەردا خەرجکردووە، لە کاتێکدا بە کەمتر لەو پارەیە حکومەت دەیتوانی تۆڕی ئاوی ماڵان لە گوندەکە جێبەجێ بکات.

ساڵی ڕابردوو کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، بڕی ١٥ ملیار دیناری بۆ جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەک تەرخانکرد، تەواوی ئەو پارەیەش بۆ پرۆژە تەواونەکراوەکانی شارە گەورەکان و قەزاکان دابینکراو گوندو ناوچە دوورە دەستەکان بێبەشبوون لە خەرجکردنی ئەو پارەیە.

هاوشێوەی کابینەکانی پێشوو، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هیچ پلانێکی ئەوتۆی نییە بۆ پەرەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و ئەنجامدانی پرۆژەی ستراتیژی بۆیان.

ک.س