سۆران، کەسێک براکەی خۆی کوشت

لە گوندێکی دەڤەری سۆران، کەسێک برایەکی خۆی کوشت و بکوژەکە و ڕاوێژکارێکی سەرۆک کۆماری عێراق-یش برینداربوون.


بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنیوز لە کاروان کەریم خان، بەڕێوبەری شارەدێی خەلیفان-ی وەرگرتووە، ئەمڕۆ لە گوندی کەڵەکینی سەر بە شارەد‌ێی خەلیفان لە دەڤەری سۆران-ی سەر بە پارێزگای هەولێر، کە دەمەقاڵێ لەنێوان دوو برادا ڕوویداوە و لە ئەنجامدا یەکێکیان ئەوەی دیکەیانی کوشتووە، خۆی و ڕاوێژکارێکی سەرۆک کۆماری عێراقیشی بریندار کردووە.

کاروان کەریم خان، وتیشی: پۆلیسی خەلیفان چوونەتە شوێنی ڕوداوەكە و لێكۆڵینەوە دەستیپێكردووە، بریندارەكانیش گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی خەلیفان.

ڕووداوەکە بەم جۆرە بووە:

عەسكەر حسێن و هەمزە حسێن برای یەكترن،كێشەیەكی كۆمەڵایەتییان هەبووە، سەروەت ئاغای كوڕی حسێن ئاغای سورچی، کە پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی بەهێزی لە ناوچەکەدا هەیە و ڕوێژکاری د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراقیشە، بانگی كردوون بۆ ماڵەکەی خۆی لە گوندی كەڵەكین بۆئەوەی كێشەكەیان بۆ چارەسەر بكات.

لەكاتی گفتوگۆكردندا هەمزە توڕەبووە و بە چەكی دەمانچە عەسكەری برا گەورەی کوشتووە، لەکاتێکدا سەروەت ئاغا ویستوویەتی ڕێگای لێبگرێت، دوو گولـلەی بەرکەوتووە و برینداربووە،هەر لە بەردەوامیی تەقەکردنەکەدا، گولـلە بەر هەمزە خۆیشی کەوتووە و بریندار بووە.

 

 

ش.ف