سۆزی دەروونیی، پەنایەکە بۆ گەڕانەوەی هیوا بۆ ژنانی نەخۆش

نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی، یەکەمین نەخۆشخانەیە لە هەرێمی کوردستاندا کە دە ساڵە بووەتە پەناگەیەک بۆ ئەو ژنانەی دووچاری نەخۆشی شیزۆفرینا و نەخۆشی پەشێوی مەزاجی دوو جەمسەری بوونەتەوە، تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ نەخۆشی چارەسەر کردووە.


نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی، دەکەوێتە کۆمەڵگای تاسڵوجە-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کە لە ساڵی ٢٠٠٩وە بە سەرپەرشتی یەکێتی ژنان دامەزراوە و لە ژێر چاودێری حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی بەڕێوە دەبرێت، تایبەت نییە بە تەنها شارێک، بەڵکو لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانەوە نەخۆشی وەرگرتووە.

ئەم نەخۆشخانە دەروونییەی کە تایبەت کراوە بە ژنان، دوو جۆر لە نەخۆشانی دەروونی وەردەگرێت، کە ئەو کەسانەن ڕووبەڕووی نەخۆشی 'شیزۆفرینا و نەخۆشی پەشێوی مەزاجی دوو جەمسەرن'، دوو نەخۆشیی درێژخایەنن.

ئەو نەخۆشانەی وەردەگیرێن، تەمەنیان لە ١٨ بۆ ٦٣ ساڵییدا، کە تەنیا هۆیەک نییە بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکان، بەڵکو وەک سەنتەرێکی ڕاهێنانەوەیە تا جارێکی دیکە ئەو کەسانە تێکەڵ بە کۆمەڵگا ببنەوە.

لەم نەخۆشخانەیەدا جیاواز لە چارەسەرییە پزیشکییەکان، چەند هۆلێکی مۆسیقا، وەرزش، کاری دەستی، هۆڵی سینەما و چەند هۆڵێکی دیکە هەن، کە نەخۆشەکان لە ماوەی چارەسەرییدا ڕۆژانەی خۆیانی تێدا بە سەردەبەن، جگە لەوانە گەڕان و سەردانی کردنی شوێنە گشتییەکانیان و بازارکردنیان هەیە لە وەرزە خۆشەکاندا، هەروەها چەند قاوشێکی لە خۆ گرتووە، کە لە هەر ژوورێکیدا دوو تا سێ کەسی تێدایە.

بۆ وەرگرتنی نەخۆش لە سۆزی دەروونی، چەند مەرجێک هەیە، کە سەرەکیترینیان ئەوەیە، پێویستە لەلایەن کەسوکارییەوە ببرێتە ئەو نەخۆشخانەیە، کە سەرەتا دەبێت لیژنەی دەروونی بیبینێت، پاشان توێژەری دەروونی و کۆمەڵایەتی دادەنیشن لە گەڵیدا بۆ پەسەندکردن، هەروەها ئەو ژنانەی کە لە سەر شەقامەکانن دەتوانن لە نەخۆشخانەکەدا بمێننەوە، بە مەرجێک کەسێک یان لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لەسەر بردنی ژنەکە بگرێتە ئەستۆ.

لەم نەخۆشخانەیە ژورێک هەیە بە ناوی ژووری جیاکاریی، کە بە ئیسفنج ناوپۆش کراوە و ڕووناکییەکی بەرزی بۆ دانراوە و هیچ ئامێر و کەرەستەیەکی تێدا نییە، ئەمە لە کاتێکدا بەکار دەهێنرێت کە نەخۆش حاڵەتی دەروونی بگاتە ئاستێک، کە فکری خۆکوژی هەیە، بۆیە دەخرێتە ئەو ژوورەوە و دەهێڵدرێتەوە تا ئارام دەبێتەوە.

لاڤە دارا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەیە و باس لەوە دەکات، کە لە نەخۆشخانەکەدا حەوت کەسیان لایە، چاکبوونەوەتەوە، بەڵام بەوپێیەی کەسنییە بیانگرێتە خۆی، لە نەخۆشخانەکەدا ماونەتەوە و بێ کەسوکارن، دەشڵێت"ئەوە کێشەیە بۆ ئێمە و پێویستە شوێنێکی تایبەت بە ئەوان دروستبکرێت، هەرچەندە ئێمە چەندین جار داوای ئەوەمان کردووە لە بەڕێوبەرایەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بەڵام وەڵاممان نەدراوەتەوە".

لاڤە ئاماژەی بەوەکرد، کە زۆر جار کەسانی خێرخواز و مرۆڤدۆست هاوکاریی ماددییان دەکەن، هەرەوەها ڕەخنەی لە بەشێک لە کەسوکاری ئەو نەخۆشانە گرت، کە کاتێک نەخۆش دەبەن بۆ چارەسەریی ژمارە و ناونیشانی هەڵە دادەنێنن، بۆ دۆزینەوەی کەسوکاریان لەکاتی پێویستدا دەڵێت "ناچارین بۆ دۆزینەوەیان لە ڕێگای ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانەوە هەوڵدانمان هەبێت، چونکە ناکرێت کاتێکی زۆر بیانهێڵینەوە لێرەدا، چونکە تا نزیکی ٤٠ کەسێک دەتوانین وەربگرین.

هەروەها زانا جەبار، کە وەک دەروونناسێک لە دامەزراندنی نەخۆشخانەوەکەوە تێیدا کار دەکات، جیاواز لەوەی ڕۆڵێکی کارا دەبینێت لە چارەسەری نەخۆشەکان، هاوکات وەک مامۆستاییەکی مۆسیقایە، ئاماژە بە هۆکارەکانی تووشبووان بەو نەخۆشییانەکرد و، وتی: هۆکارەکان زۆرن، کە لەوانە بۆماوەیی، خێزانی، ئابوری و کۆمەڵایەتی، هەندێک کات پەیوەندی بە هاوسەرگیرییەوە هەیە، زۆرترینیشان پەیوەندییان بە هۆرمۆنەکانەوە هەیە و بە پێی پەستانەکان دەگۆڕدرێت.

یەکێک لەو نەخۆشانە بۆ ڕۆژنیوز دووا، 'ناسنامە و وێنەی پارێزراوە'، نزیکەی مانگێک دەبێت لەو نەخۆشخانەیە لەلایەن کەسوکارییەوە داخڵکراوە، ئەو نەخۆشە تەمەنی نزیک بە ٤٥ ساڵیک دەبێت، باسی لە نەخۆشییەکەی کرد کە زۆربەی کات دڵی تەنگ دەبێت و دەگریی، ئێستاش لەو نەخۆشخانەیە لە قۆناغی چارەسەرییدایە و ڕۆژانەیان بە شێوەیەکی باش تێدەپەڕێنن.

س.ح