سێیه‌مین فیستیڤاڵی هه‌نگوین لە سلێمانی

لە پاركی ئازادیی شاری سلێمانی سێیەمین فیستیڤاڵی هەنگوین ده‌ستیپێکرد و تیایدا به‌ سەدان جۆر هەنگوینی هەرێمی كوردستان نمایش کران.


ئه‌مڕۆ، له‌ پاركی ئازادیی شاری سلێمانی سێیەمین فیستڤاڵی هەنگوین ده‌ستیپێکرد، كە لەلایەن كۆمەڵەی هەنگەوانانی كوردستان بە هاوكاریی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕێكخراوە و بۆماوه‌ی سێ ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت.

له‌ فیستیڤاڵه‌که‌دا ٢٥هه‌نگه‌وان به‌شدارییان کردووه‌ و سەدان جۆری هەنگوینیان نمایش کردووە، کە سەرجەمیان هی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانن.

له‌ سلێمانی سێیه‌م ساڵە ئه‌م ڤیستیڤاڵه ئه‌نجام ده‌درێت و به‌ گشتییش له‌ هه‌رێمدا ساڵانه‌ فیستیڤاڵی له‌م شێوه‌یه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

جگه‌ له‌ هه‌نگوین ئه‌و که‌سانه‌ی به‌شداریی فیستیڤاڵه‌که‌یان کردبوو چه‌ندین به‌رهه‌می دیکه‌ی خۆماڵیی وەک گوێز، مێوژ، قەیسی، ترخێنە، ڕووبەهەنار و بەرهەمی دیکەیان نمایش کردبوو.

جێگای ئاماژەیە، هەنگوینی هەرێمی كوردستان بەیەكێك لە هەرە باشترین جۆرەكانی هەنگوین ناودەبرێت و ناوبانگێكی زۆری لە ناوچەكەدا پەیدا كردووە، لەو بڕەی كە بەرهەم دەهێندرێت زۆرجار هەناردەی دەرەوەی هەرێم دەكرێت .

ش.ف