سەدەیەك زیاترە لە كەركوك یاریی سینی و زەرف دەكرێت

سینی و زەرف یارییەكی كلتوری گەلانی كەركوكە و زیاتر لە سەدەیەكە ئەو یارییە لە شەوانی ڕەمەزاندا ئەنجام دەدرێت، یارییەكە بۆتە هۆی كۆكردنەوەی نەتەوەكان لە دەوری یەكتر، وەک یاری چییەکانیش دەڵێن: یارییەكە یاری سەرجەم نەتەوەكانەی شارەکەیە.


نەتەوە و ئاینە جیاوازەكانی شاری كەركوك زیاتر لە ١٠٠ ساڵە دوای نوێژی تەراویح دەست دەكەن بە یاری سینی و زەرف، یارەكە تا بەرە بەیان و كاتی پارشێو لە شەقامە گشتیەكانی شارەكە بە گوێگرتن لە گۆرانییە ڕەسەنەكانی شارەكە بەردەوام دەبێت.

پێكهاتەی یارییەكە پێكدێت لە سینیەك و یانزە زەرف كە دوو گروپ بەرامبەری یەكتر یاری دەكەن، سەرەتا گروپی یەكەم و لە پشت پارچە پەڕۆیەوەكەوە زارێك یان هەڵماتێك وە یان ئەڵقەیەك لە ناو زەرفەكان دەشارێتەوە، دواتر سینیەكە دەخولێندرێتەوە بۆ ئەوەی شوێنی زارەكە ئاشكرا نەبێت و دەخرێتە بەردەستی گروپی بەرامبەر، گروپی بەرامبەریش مافی ئەوەی هەیە دوو جار گوڵ بەكار بهێنێت بۆ دۆزینەوە زارەكە هاوشێوەی یاری كڵاوێنی كوردی.

مستەفا حامد، دەرباری یاری سینی و زەرف بۆ ڕۆژنیوز دواو وتی: "ئەم یارییە یاری سەردەمی باو باپیرانمانە، دەیان ساڵە ئەم یارییە هەیە لە شاری كەركوك، یارییەكە یاری سەرجەم نەتەوەكانە كورد و عەرەب و توركمان و مەسیحی، بەڵام كورد و توركمان زیاتر ئەو یارییە دەكەن، یاریەكە لە شەوانی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا دەكرێت، چێژ و خۆشی زۆری هەیە بە تایبەت كە دووگروپ پێشبڕكێ دەكەن لە بردنەوەی زۆرترین خاڵ".

دەشڵێت: "لە یارییەكەدا بۆ دۆزینەوەی ئەو شتەی كە شاردراوەتەوە لە ناو زەرفەكەدا دوو گوڵ و سێ دوو هەیە كە وەك ئاسنكاریەكە بۆ دۆزینەوەی شتە شارەوەكە، ئیتر بەگشتی كاتی زۆر خۆش بەسەر دەبەین تا پارشێو یاری دەكەین، هۆكاری دڵخۆشی یارییەكە ئەوەیە كە دۆست و خزم كۆدەبینەوە لەگەڵ براكانمان لە نەتەوەكانی تر ئەمە خۆشحاڵیەكەیە".

عەبدوڵا ڕەفیق، كە چەندین ساڵە ئەو یارەییە دەكات، بۆ ڕۆژنیوز وتی: "ئێمە هەموو ڕەمەزانێك ئەم یاریە دەكەین لە زۆربەی گەڕەكەكانی شارەكە یاری سین و زەرف دەكرێت، شەوانی زستان چۆن تەنها یاری كڵاوێن دەكرێت ڕەمەزانانیش تەنها ئەم یارییە هەیە لەكەركوك، مانگەكە بە ئاشتی لەگەڵ كورد و توركمان و عەرەب و مەسیحی بەخۆشی دەبەینە سەر بێ جیاوزای، منداڵ بووم ئەم یارییە هەیە لە منداڵیشەوە یاری دەكەم".

ئەویاریی چییە باس لەوەش دەكات کە "لە ڕابردوودا تا بەیانی یاری دەكرا، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو دۆخەی بەسەر كەركوكدا هاتووە تا كاتژمێر دووی شەو ئەو یارییە بەردەوام دەبێت، بەگشتیش یارییەکە مۆركی كەركوكی پێوەیە لە هەولێرەوە گروپ دێن و پێکەوە یاری دەكەین، ئێمە دەچینە گەڕەكە توركمانییەكان ئەوان دێنە لای ئێمە بەگشتی یاری سین و زەرف لای كەركوكییەکان مانایەكی تایبەتی هەیە".

هیمداد ڕەوشت، گەنجێكی كەركوكە، دەربارەی یارییەكە وتی: "لە دوای نوێژی تەراویحەوە بەگشتی دەست بەیارییەكە دەكرێت، یارییەكە بۆ ئێمە ئارامی دەبەخشێت بە تایبەت دۆخەكە ئەوەندە سەختە ناتوانین دڵخۆش بین بەڵام كاتێك لەگەڵ هاوڕێ و خزم كۆدەبینەوە دڵخۆش دەبین و تا بەرەبەیان یاری دەكەین".

ک.س