سەیدسادق، کەسێک لەکاتی دزیکردندا کوژرا

دوو کەس لە شارۆچکەی سەیدسادق بەمەبەستی "دزیکردن" هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵێک، لە ئەنجامی تەقەی خاوەن ماڵەکەشدا کەسێکیان کوژراوە و کەسێکی دیکەشیان هەڵهاتووە.


كاتژمێر ٠٤:٠٠ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە گەڕەكی سەرا لە شارۆچكەی سەیدسادق-ی سەر بە شاری سلێمانی، دوو كەس هەڵیانکووتاوەتە سەر ماڵێک و یەکێکیان بە تەقەی خاوەن ماڵەکە کوژراوە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی كە ڕۆژنیوز لە سەرچاوەیەکی ئیداریی شارۆچکەی سەیدسادقەوە وەریگرتووە:"ئەو دوو كەسە بە مەبەستی دزیكردن هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی هاوڵاتییەک بە ناوی (ع.د) كە پیشەی كڕین و فرۆشتنی دۆلار و دراوە بیانییەكانە، دواتر دوو کەسەکە بە چەقۆ هێرشیانکردووەتە سەر خاوەن ماڵەکە و برینداریانکردووە، لەبەرامبەردا لەلایەن دراوسێ و ئەندامانی تری خێزانەكەوە تەقە لە دوو کەسەکە دەکرێت و یەکێکیان دەکوژرێت و ئەوی تریشیان هەڵهاتووە".

سەرچاوەکە ئەوەشی وت:"ئەو کەسەی کە کوژراوە، تەمەنی ٢٢ ساڵە و دوكاندارە و دوكانی جلوبەرگی هەیە، ئەو کەسەکەی دیکەش کە هەڵهاتووە، تا ئێستا دەستگیرنەكراوە".

هەر بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، تەرمی كوژراوەكە بۆ پزیشكی دادی سلێمانی گوازراوەتەوە، خاوەن ماڵەكەش بە بینداریی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی و چارەسەری بۆ دەكرێت، پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش لێكۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە دەستپێكردووە.

ڕۆژنیوز بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر ئەم ڕووداوە، چەند جارێك پەیوەندی بە قائیمقام و بەڕێوەبەری پۆلیسی سەیدسادقەوە كرد، بەڵام ئامادەنەبوون لێدوان بدەن.

س.ح