شارەوانیی بناری قەندیل گوندنشینان کۆدەکاتەوە

شارەوانیی بناری قەندیل بە ئامانجی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، گوندنشینانی بناری قەندیلی کۆکردەوە.


ئێوارەی ئەمڕۆ شارەوانیی بناری قەندیل دانیشتوانی گوندەکانی قەندیلی بانگهێشتی خوانی بەربانگ کرد لە مزگەوتی گوندی بۆکریسکان و چەند مامۆستایەکی ئاینیی-ش لە ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستان بوون بە میوانی خەڵکی قەندیل.

وەک گوڵاڵە عوسمان، هاوسەرۆکی شارەوانیی قەندیل باسیکرد، ئامانجیانە خەڵکی گوندەکانی قەندیل لەدەوری یەکتر کۆبکەنەوە و پەیوەندیی نێوانیان بەهێز بکەن، هەروەها متمانە و خۆشەویستیی لەنێوان هاوڵاتیان و ئەرکدارانی شارەوانییدا زیاتر بکەن.

سامان سەنگاوی، مامۆستای ئاینیی، کە میوانی کۆبوونەوەکە بوو، لە وتارێکیدا بۆ ئامادەبووان وتی: زۆر دەوڵەت کە خۆیان بە ئیسلام و نوێنەری خەلیفەی ئیسلام دەزانن لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا پەلاماری کوردان دەدەن هێرشمان دەکەنە سەر، ئێستا کورد لە باشوری کوردستان ڕووبەڕووی هێرشی عەرەبە شۆڤێنییەکانیش دەبێتەوە دەغڵودانی جوتیارانی کەرکوک دەسوتێندرێن.

ئەو مامۆستا ئاینییە، داوای لە گەلی کورد و لایەنە سیاسییەکان کرد، کە یەکبگرن و وتی: بۆئەوەی لەم نەهامەتییانە ڕزگارمان بێت، پێویستە کۆتایی بە پەرتەوازەیی بهێنین و یەک بگرین، دڵنیابن ئەگەر بۆخۆمان پشت و پەنای یەکتری نەبین کەس پشت و پەنامان نییە.

سامان سەنگاوی، پەیامێکیشی ئاڕاستەی بەشێک لە مامۆستایانی ئاینیی کرد و وتی: چیتر پشتیوانیی دەوڵەتی داگیرکەری مەکەن و بگەڕێنەوە سەر هێڵی یەکێتیی نەتەوەیی.

ش.ف