شاعیرێکی کورد پارەی چاپی کتێبەکەی دەداتە کەلوپەل بۆ خوێندکارانی هەژار

ژاکان باران، شاعیرێکی کوردی خەڵکی شاری مەلەکشای پارێزگای ئیلام، پارەی چاپی کتێبەکەی دا بە کەلوپەلی خوێندن بۆ منداڵانی هەژار.


ساڵی نوێی خوێندن لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوو ڕۆژی دیکە دەستپێدەکات، ڕێژەیەکی زۆر لە منداڵان بەهۆی هەژارییەوە هەر بە کەلوپەلی ساڵی پارەوە دەچنەوە خوێندنگا و شاعرێکی ئیلامیش کەلوپەلی خوێندن بۆ ئەو منداڵە هەژارانە دەکڕێت.

ژاکان باران، لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، ڕایگەیاند، کە ئەم کتێبە نوێیەم چاپ ناکەم و پارەی چاپەکەی دەدەم بە کەلوپەلی خوێندن بۆ منداڵانی هەژاری شارەکەم.

ئەوەشی نووسیوە، تەنانەت کتێبە کوردییەکەم بڵاویش بێتەوە، منداڵانی وڵاتەکەم کوردی نازانن، تا بیخوێننەوە، چونکە بێبەش کراون لە خوێندن بە زمانی دایکیان.

هەروەها ڕایگەیاندووە: هیوادارم هەموو منداڵانی نیشتمانەکەم بتوانن بە کوردی بخوێنن.

داواشی لە باوەڕمەندانی شیعەی شارەکەی کردووە، کە ئەمساڵ بەشێک لەو پارەیەی دەیکەنە خێر بۆ مەراسیمی تاسوعا و عاشورا گلیبدەنەوە و وەک ئەو کەلوپەلی خوێندن بۆ منداڵانی هەژاری پێ بکڕن.

جێگای ئاماژەیە، چەند ڕۆژ پێش ئێستا، بەرپرسی گشتی پەروەردەی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند، کە لە ساڵی ڕابردوو دا ١٧ هەزار خوێندکار بەهۆی کێشەی جیاوازەوە نەیانتوانیوە درێژە بە خوێندنگەکەیان بدەن و لە خوێندن بەجێماون.

ش.ف