شانیا سەرەڕای لەدەستدانی هەردوو چاوی نمرەكانی هەمووی ١٠٠٪ن

لە شارۆچکەی سەیدسادق، خوێندكارێکی خاوەن پێداویستی تایبەت، کە هەردوو چاوی لەدەستداوە، سەرکەوتنەکانی لە خوێندن بووەتە جێگەی سەرنجی هەمووان وئێستا خوێندكاری قۆناغی ٩ی بنەڕەتیە و لەتەواوی وانەكانیدا نمرەكانی ١٠٠٪ن، ئەو خوێندکارە دەڵێت: "ئاواتم ئەوەیە لە دواڕۆژدا ببمە وەرگێڕی زمانی ئینگلیزی و لەو ڕێگەیەوە خزمەت بە وڵاتەكەم بكەم".


شانیا فایەق، خوێندكاری قۆناغی ٩ی بنەڕەتیە و تەمەنی ١٤ساڵە و  لەتەمەنی حەوت مانگیەوە هەردوو چاوەكانی لەدەستداوە و نابینایە، ئەو ئێستا لەقوتابخانەی ئەشكانی بنەڕەتییە لەشارۆچكەی سەیدسادقی سەر بەپارێزگای سلێمانی، دەخوێنێت و نمونەی خوێندکارێکی سەرکەوتووە. ڕۆژنیوز، چیرۆكی سەركەوتنەكانی ژیانی ئەو كچە خاوەن پێداویستییە لە زاری خۆی و مامۆستا و هاوڕێکانییەوە دەخاتەڕوو.

 

بۆ هاتوچۆی قوتابخانەكەی هیچ ئۆتۆمبێلێكی تایبەتی بۆ نەگیراوە، بەڵكو بە پاسی ناوشار هاتوچۆ دەكات، زۆر بەسەركەوتوانەش تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان لەڕێگەی مۆبایلەكەیەوە بەكاردێنێ،‌ شانیا دەڵێت: "لەتەمەنی ٧ مانگیەوە هەردوو چاوم لەدەستداوە ئێستا نابینام، جیاوازیی من ئەوەیە لەگەڵ خوێندكارەكانی دیكە لەڕێگەیی ئامێری ڕیكۆردەرەوە ڕۆژانە وانەكانم دەخوێنم و سەعی دەكەم، هەروەها لەڕێگەی مۆبایلێكی ئایفۆن پێنجەوە بەبەرنامەی (voice over) سەرجەم تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان زۆر بەسەركەتوویی بەكاردێنم"‌.

وتیشی: "هەر كاتێك ئامێری وانە خوێندنەکەم كێشەیەكی بۆ دروست بێت هاوڕێكانم هاوكاریم دەكەن لە وانە خوێندندا، هەروەها مامۆستاكانم هەموو كات پاڵپشتی منیان كردوە، ئەگەر لەبابەتێك تێنەگەم یان وانەكانم زۆر بەباشی بۆ دووبارە دەكەنەوە تا بەتەواوی تێدەگەم".

سەبارەت بە بەدەستهێنانی نمرەكانی ڕونیکردەوە کە "ڕۆژانە زۆر هەوڵدەدەم بۆ خوێندنەكەم نمرەكانم لە هەموو وانەكاندا ١٠٠٪ن، ئەوەش زیاتر لەسەدا ٥٠ی هەوڵی خۆم بووە بۆ سەركەوتن و لەسەدا ٥٠ كەی دیكەی مامۆستاكانم هاوكارییان كردوم و توانیویانە بابەتەكانم بەباشی تێبگەیەنن زۆر سوپاسیان دەكەم".

ئەو خوێندكارە خاوەن پێداویستییە تایبەتە ئاشکراشیکرد، وەك نابینایان، لەكاتی تاقیكردنەوە وەزارییەكاندا زۆر كێشەمان بۆ دروست دەبێت، چونكە مامۆستایەكمان بۆ دادەنێن تایبەتمەندنیە بەو وانەیەی تاقیکردنەوەکەی تێدا دەکەین بۆیە ناتوانێت وەك پێویست تێت بگەیەنێت لەكاتی خوێندنەوەی پرسیارەكەدا. شانیا لە بارەی دواڕۆژی خۆشییەوە وتی: "ئاواتم ئەوەیە لە دواڕۆژدا ببمە وەرگێڕی زمانی ئینگلیزی و لەو ڕێگەیەوە خزمەت بە وڵاتەكەم بكەم".

مامۆستا محەمەد لەتیف، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئەشكانی بنەڕەتی سەبارەت بەتوانا و بەهرەكانی شانیا دووا "شانیا یەكێكە لەو خوێندكارانەی لەڕووی بەرزی نمرەكانی و زیرەكی و هەڵسوكەوتیەوە پێی دەوترێت خوێندكارێكی دەگمەن و سەركەوتوو لەقوتابخانەكەمان، كچێكی بەهرەمەندە دەبێت زۆر هاوكاری بكرێت بۆ ئەوەی زیاتر گەشە بكات".

وتیشی "٣ ساڵە شانیا لای ئێمە دەخوێنێت هەموو نمرەكانی١٠٠٪ن تەنها وانەی بیركاری نەبێت ئەویش بەگوێرەی یاسا نابیناكان دەبەخشرێن لەو وانەیەدا، هیوادارین حكومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە ئاسانكاریی بۆ ئەمجۆرە خوێندكارانە بكەن، چونكە لەقۆناغەكانی دیكەی خوێندندا پێویستیان بەهاوكاری دەبێت".

سەبارەت بەشێوازی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكانی ئەو بەڕێوەبەرە وتی "لەكاتی تاقیكردنەوەكەدا بەتەنها دادەنرێت، لەلایەن مامۆستای وانەكەوە پرسیارەكانی بۆ دەخوێنرێتەوە، ئەو وەڵامەی خۆی دەیڵێت و هەڵیدەبژێرێت مامۆستا ئەوەی بۆ دادەنێت، خۆی توانای ئەوەی نیە بەدەستی خۆی وەڵامەكان دیاریبكات".

داواشی لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سەیدسادق کرد لەكاتی تاقیكردنەوەی نیشتیمانیدا مامۆستای تایبەت بۆ ئەو خوێندکارە دابنێت، چونكە حاڵەتی تایبەتی هەیە ناكرێت لەناو كۆمەڵێك خوێندكار دابنرێت ئەوكاتە وەڵامدانەوەی ئەستەم دەبێت پێویستی بەوەیە لەشوێنێك بەتەنها دابنرێت و پرسیارەكانی ئاراستە بكرێت.

هاوڕێکانی شانیاش قسەی خۆیان لەسەرتواناکانی ئەو خوێندکارە هەیە و یەکێک لە هاوڕێکانی وتی"ئێمە لە ماڵەوە زۆربەی كات پێكەوە وانە دەخوێنین، هەركاتێک پێویستی بەهاوكاریی بێت یارمەتی دەدەم بۆ نمونە كاتێك ڕیكۆردەرەكەی خراپ دەبێت پێكەوە سەعی دەكەین و زۆرم خۆشدەوێت وەك هاورێییەكی خۆم، كاتێكیش لەگەڵ شانیا سەعیم نەدەكرد نمرەكان زۆر بەرز نەبوون، بەڵام لەوكاتەوەی لەگەڵ ئەوم نمرەكانم زۆرباشو بەرز بونەتەوە".

هاوکات كوێستا جەمیل، مامۆستایی كۆمەڵایەتی شانیا یە وتی "شانیا نمونەی خوێندكارە لەهەموو ڕووەكانەوە، هەركاتێك پێویستی بەهاوكاری  بێت بەردەوام بۆمانكردوە، هەر كاتێكیش لە وانەیەك تێنەگات چەندین جار بۆی دووبارە دەكەینەوە، هیچ كاتێكیش هیچ گرفتێكی بۆ دروست نەكردوین بەهۆی نابیانییەكەیەوە".

ک.س