شۆفێرانی هەولێر بۆچوونی جیاوازیان لەسەر لابردنی چەند ترافیکێک هەیە

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر نزیكەی ساڵێكە دەستیكردووە بە لابردنی هەندێك لە ترافیكلایتەكانی ناوشار، ئەمەش بە مەبەستی كەمكردنەوەی جەنجاڵیی، شۆفێرانیش بۆچوونی جیاوازیان هەیە و بەشێكیان بە باش و هەندێكی دیکەشیان بە خراپ ناویدەهێنن.


بە ئامانجی كەمكردنەوەی جەنجاڵیی و ئاسانكردنی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل، نزیكەی سالًێكە ١٢ ترافیكلایتی ناو شاری هەولێر للایەن بەڕێوبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێرەوە لابراون، شۆفێران لەو بارەیەوە قسەیان بۆ ڕۆژنیوز كرد.

هێمن جەمال، یەکێک لەو شۆفێرانەیە و بڕیاری لابردنی ئەو ترافیكانەی پێباشە، داواش دەكات هەندێك ترافیكی دیكەی سەر شەقامەكانی ١٠٠ مەتریی و ٦٠ مەتریی دابخرێن، كە بەوتەی ئەو شۆفێرە هەنگاوێكی لەو جۆرە هاتووچۆ باشتر دەكات.

سوڵتان كاكل، شوفێری تەكسیە و ڕۆژانە كاتێكی زۆر بە شۆفێریكردن و گواستنەوەی سەرنشینانەوە بەسەردەبات، پێی وایە، داخستنی  بەشێك لە ترافیكەكان باش بوو، بەڵام داخستنی بەشێكی دیكەیان زۆر خراپ بوو، بەتایبەت كە شوێنی سوڕانەوەی لە شەقامێكەوە بۆ شەقامێكی دیكە زۆر دوورخستووەتەوە، بۆیە داوای چارەسەركردنی ئەو گرفتە دەكات.

لای خۆیەوە، ڕائید فازڵ حاجی حسێن، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆی هەولێر، ئاشكرایكرد، جگە لەو ١٢ ترافیکەی هەڵگیراون، ڕەزامەندیی بۆ لابردنی ترافیكێكی دیكەش وەرگیراوە لەسەر شەقامی ١٠٠ مەتری، نزیك وێستگەی سووتەمەنیی ئاكار و لەداهاتوودا ئەو ترافیكەش دادەخرێت.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆی هەولێر لەبارەی گلەیی بەشێك لە شۆفێران، وتی:"ڕەنگە لەسەرەتای داخستنی ترافیكەكان كەمێك ئاستەنگیی و گرفت بۆ شوفێران دروستبێت، بەڵام دواتر بەڕاددەیەك ئاسانكاریی بۆ شۆفێران دروست دەكات، كە خۆشیان لەو باوەڕەدا نەبن.

دووپاتیشیكردەوە، داخستنی ئەو ترافیكانە  تەنها بۆ نەمانی جەنجاڵیی شاقامەكانە، بە تایبەتی لە بەیانیان و كاتی چوون بۆ دەوام، هەروەها كاتی كۆتاییهاتنی دەوامی فەرامانبەران و مامۆستا و خوێندكاران.

ش.ف