شەش کەس بە تۆمەتی بازرگانییکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران

بەرێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕاپەرین لە چەند چالاکیەکی جیا جیا دەستی بەسەر بڕێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەردا گرت و ٦ کەسیش دەستگیر کران.


ئەمرۆ کاتژمێر ۱۱، محەمەد فازڵ، وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەرین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ئەنجامی چالاکییەکی ئاشکرا کرد، کە بە هاوکاریی ئاسایشی قەڵادزێ و بەشی ماددە هۆشبەرەکان ئەنجامیانداوە، بەڵام کاتی چالاکییەکانی ڕانەگەیاند.

بەگوێرەی وتەبێژی ئاسایشی ڕاپەڕین، توانیویانە لە چالاکییەکدا دەست سەر بڕی ٤٥۰ گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری شیشەدا بگرن.

لە چالاکێکی دیکەدا لە ناو باخێک لە گوندێکی سەر بە پشدەر دەستیان بەسەر ۷۷۰ دەنک حەبی ترامادۆڵ-ی ۲۰۰میللی گرامییدا گرتووە.

 هەروەها لە گەڕەکی هەنارۆکی قەڵادزێ دەستیان بە سەر بڕی ٤٨۰ گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری شیشەدا گرتووە، لە چالاکییەکی دیکەشدا، دەستیان بەسەر ۱٤ گرام شیشە و ۲۰۰ دەنکە حەبی ترامادۆڵیان گرتووە.

محەمەد فازڵ، وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەرین، ئاشکراشیکرد، کە لەو چالاکییانەدا شەش کەسیان دەستگیرکردووە، ەک تەمەنیان لەنێوان ٣٠ بۆ ٤٥ ساڵییدایە و تۆمەتبارن بە بازرگانییکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە، بەپێی ماددەی ۱٤ی مخدەرات پەراوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.

لەبارەی هۆکاری زۆریی بازرگانیی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە لە سنووری ڕاپەڕین، محەمەد فازڵ، وتی: هۆکاری سەرەکیی هاوسنووریمانە لەگەڵ وڵاتی ئێران، کە لەو سنوورانەوە زیاتر هەناردەی هەرێمی کوردستانی دەکرێن.

ش.ف