شەقامێکی سلێمانی خەوی تێدا نییە

لەگەڵ ئاوابوونی خۆر، دەستگێڕ و فرۆشیارەکانی بەردەم مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی، خۆیان کۆدەکەنەوە و ڕێگای ماڵ دەگرنە بەر، بەڵام بۆ خواردنگەکانی سەر شەقام دەبێتە دەستپێکی کار، بەجۆرێک شەوانی بەردەم مزگەوتی گەورە و شەقامی بێکەس، تەواو دەبێتە خواردنگە.


چەندین خواردنگە و دەستگێڕ شەوانە لەبەردەم مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانییەوە تا کۆتایی شەقامی بێکەس، بە خواردن و خواردنەوەی جۆراوجۆر، پێشوازیی لە میوان و ڕێبواران دەکەن.

ئەم شەقامە چەندین ساڵە بووەتە شوێن کاری بەشێک لە دەستگێڕەکان، لێرە هاوڵاتیان بە نرخێکی گونجاو دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان خواردن و خواردنەوە بخۆن و بخۆنەوە، تیمی ڕۆژنیوز بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە شەوێک لەگەڵ خاوەن خورادنگەکان و میوانان لەو شەقامە ڕۆژی کردەوە.

محەمەد عەبدوڵا، هاوڵاتییەکی دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانییە، ئەو شۆفێری تاکسییە و ڕۆژانە سەردانی سلێمانی دەکات، ئێوارانیش پێش گەڕانەوە دەچێتە بەردەم مزگەوتی گەورە و دوای خواردن، ڕوو دەکاتەوە ماڵەوە، ئەو کە وەک پیشەی بەردەوامیی لەوێ  خورادنی ئێواران دەخوات، ڕازییە لەو خواردنانەی پێشکەش دەکرێن و بە پاکوخاوێنی دەزانێت.

خواردنگە و دەستگێڕەکان بۆ ئەوەی سەرنجی هاوڵاتیان بۆلای خۆیان ڕابکێشن، بە شێوازی جوان و سەرەنجڕاکێش عارەبانە و شوێنەکانیان دەڕازێننەوە.

هونەر عەلی، فرۆشیارێکی سەر شەقامەکەیە، ئەو بە فرۆشتنی لەفەی جۆراوجۆر پێشوازیی لە میوانەکانی دەکات، وەک خۆی دەڵێت "شەوانە خەڵکێکی زۆر سەردانیان دەکەن و لەلای ئەوان لەفە دەخۆن و لە کارەکانیشیان ڕازین".

ئەم شەقامە بووەتە پەناگەیەکیش بۆڕێبواران و ئەو کەسانەی، کە لە شوێنەکانی دیکەوە سەردانی سلێمانی دەکەن، بەوپێیەی تاوەکو بەرەبەیان خواردن و خواردنەوەی لێ دەستدەکەوێت، بەشێک لەوڕێبوارانەی کە سەردانی سلێمانی دەکەن، شەوانەڕوو لەو شەقامە دەکەن و تا درەنگانێک دەمێننەوە.

ئازاد عەبدوڵا، هاوڵاتییەکی دانیشتووی شارۆچکەی شێخان-ی سەر بە پارێزگای دهۆکە، ئەو بەمەبەستی گەشت سەردانی سلێمانی کردووە، ئازاد ڕووی لە شەقامی بێکەس کردبوو، لەبارەی تایبەتمەندییەکانی ئەو شەقامەوە وتی: هاتووین بۆ سلێمانی بۆ ئەوەی کاتێکی خۆش بەسەربەرین، لێرە کەشێکی خۆش هەیە و خواردن و خواردنەوەی جۆراوجۆری لێیە، من لێرە تا درەنگانێکی شەو دەمێنمەوە.

ئەگەرچی زۆر جار کۆمەڵگە و خێزان جوونە دەرەوەی شەوانی ژنان بۆ شوێنی قەرەباڵغ ئاستەنگ دەکەن، بەڵام لە شەقامی بێکەس جیاوازییەکی زۆر نابیندرێت و ژنانیش سەردانی دەکەن، تایبەت ئەو ژنانەی بۆ میوانیی و بە سەردان روو لە سلێمانی دەکەن.

ئیخلاس مەجید، ژنێکی دانیشتووی شارۆچکەی خانەقین-ی سەر بە پارێزگای دیالەیە، ئەو بەمەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش،ڕووی لە شەقامی بێکەس کردبوو، وەک خۆی دەیوت: بۆ ئەوەی لەڕووی دەروونییەوە پشوو وەربگرین، ڕوو لێرە دەکەین کاتێکی خۆش بەسەردەبەین.

دەشڵێت: لێرە خێزانێکی زۆر کۆدەبێتەوە، لە شۆفێری تاکسییەکانەوە تاوەکو فرۆشیارەکان، مامەڵەیان زۆر باشە لەگەڵماندا.

شەقامی بێکەس کە بە بەردەم مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانیدا تێپەڕدەبێت، دەکەوێتە ناوەندی بازاڕی شارەکەوە، ئەوەش وایکردووە ڕۆژانە خەڵێکی زۆر سەردانی ئەو شەقامە بکەن و پێداویستییەکانی خۆیانی لێ بەدەستبهێنن.

لە گەڵ کۆتایی هاتنی شەو و ڕووناکبوونەوەی دوونیا، شەقامەکە هەر لە بەرەبەیانەوە دەبێتە شوێنی کرێکارەکان هەر هاوڵاتییەک پێویستیی بە کرێکارێک هەبێت بۆ کارەکانی، دەچێتە ئەوێ.

بەرەبەیان دوای کۆتایی هاتنی ماوەی کارکردنی دەستگێڕ و فرۆشیارەکانی شەقامەکەدا، کە تا بەرەبەیان دەمێننەوە، جارێکی تر دووکانەکانی شەقامەکە دەکرێنەوە و ڕۆژێکی نوێ لە کارەکانیان دەستپێدەکەنەوە، بەمەش دەتوانین بڵێین کە تاکە شەقامی شاری سلێمانییە کە خەوی تێدا نییە و بەردەوامە لە جووڵەدایە.

ش.ف