شەنگال، باوەڕمەندان و سەرۆک عەشیرەتەکانی ئێزدی میرێکی نوێیان هەڵبژارد

باوەڕمەندانی ئیزدی، سەرۆکی عەشیرەتەکان و جڤاکی ئێزدی لە مەزارگەی شبل قاسم لە چیای شەنگال لە مەراسیمیکدا "نایف داود سەلمان"یان کە لە بنەماڵەی میرەکانە وەک میری نوێی جڤاکی ئێزدی هەڵبژارد.


ڕۆژی ٢٧ی مانگی ڕابردوو لە لالشی سەربە دهۆک، حازم تەحسین بەگ کوڕی میری کۆچکردووی ئێزدیان وەک میری ئێزدیان دەستنیشانکرا، باوەڕمەندان، سەرۆک عەشیرەتەکان و بەشێکی زۆری جڤاکی ئێزدی ناڕەزایەتییان نیشاندا و داوایانکردبوو کە میری ئێزدی پێویستە لەلایەن جڤاکی ئێزدیانەوە هەڵبژێردرێت، نەک لایەنێکی سیاسی دیاریی بکات.

دوێنێ باوەڕمەندان، سەرۆک عەشیرەتەکان و بەشێکی زۆری جڤاکی ئێزدی لە مەزارگەی شبل قاسم لە چیای شەنگال لە مەراسیمیکدا نایف داود سەلمان-یان کە لە بنەماڵەی میرەکانە وەک میری نوێی جڤاکی ئێزدییان هەڵبژارد.

فەقیر شەمۆ لەباوەڕمەندانی ئێزدی لەسەر بابەتەکە بە ڕۆژنیوزی وت: چونکە حازم تەحسین بەگ بێ ئەوەی ڕای خەڵکی شەنگال وەربگیرێت، وەک میر دەستنیشان کرابوو، ئێمە قبوڵمان نەکرد، ئەو کەسە لەلایەن پارتیەوە دەستنیشان کراوە، بۆیە ئێمە میرێکی دیکەمان هەڵبژارد، میر نایف داود سەلمان بە ڕازیبوون و پەسەندی هەموو باوەڕمەندانی شەنگال هەڵبژێردرا.

فەقیر شەمۆ وەها بانگی لە جڤاکی ئێزدی کرد و، وتی: داوا لە جڤاکی خۆمان دەکەین کە میر نایف داود سەلمان وەک میر بە بنەما بگرن، چونکە لەلایەن جڤاکی ئێزدییەوە هەڵبژێردراوە.

نایف داود سەلمان لە بنەماڵەی میرەکانە و ساڵی ١٩٧٠ لە بێدرێ-ی سەربە شێخان لە دایک بووە.

تەحسین بەگ میری ئێزدیان ٢٨ی مانگی یەکی ئەمساڵ لە ئەڵمانیا کۆچی دواییی کرد، دوای حەوت مانگ لە لالش کوڕەکەی وەک میری نوێی ئێزدیان دەستنیشان کرابوو.

س.ح