فرۆشی دەرمان بەشێوەی ئۆنلاین بووەتە هەڕەشە لەسەر تەندروستی خەڵک

پڕوپاگەندەكردن بۆ دەرمانی ساختە و بێ‌ كوالێتی و زیانبەخش و فرۆشتنیان بەشێوەی ئۆنلاین، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بەشێك لەڕاگەیاندنەكان بەبێ‌ بوونی چاودێری تەندروستی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و بووەتە هەڕەشە لەسەر تەندروستی خەڵک، سەرۆكی لیژنەی هاوبەشی تەندروستی لە قایمقامیەتی سلێمانیش دەڵێت: ئەو دەرمانانە، بەشێوەی قاچاغ و نایاسایی دەهێنرێنە هەرێمی كوردستانەوە.


ماوەی چەند ساڵێكە لە هەرێمی كوردستان كەسانێك بێ ئەوەی پزیشكی پسپۆڕبن، لەڕێگەی سەدان پێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، بەناوی كۆمپانیای جوانكاری و دەرمانی سروشتی، پڕوپاگەندە بۆ دەرمانی ساختە و بێ‌ كوالیتی دەكەن بە مەبەستی چارەسەرکردنی کەم کردن و زیادکردنی کێش و گەورەکردن و بچووکردنەوەی ئەندامەکانی جەستە و چارەسەرکردنی گرفتە جنسییەکان، بەو هۆیەشەوە چەندین هاوڵاتی بوونەتە قوربانی لەڕووی ماددی و لەڕووی تەندروستیشەوە ڕووبەڕووی گرفت بونەتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش هیچ ڕێگریی و کۆنتۆڵێکیان بۆ ئەو دیاردەیە نییە.

ڕۆژنیوز، لەم بەدوادا چونەدا چیرۆكی یەكێك لەو قوربانییانە دەخاتەڕوو، كە بەهۆی ڕیكلامی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، دەرمانێكی بەمەبەستی دابەزاندنی كێش بەكارهێناوە، بەڵام دواتر زیانی تەندروستی پێگەیاندووە.

ساڤین كەمال، یەكێكە لەو سەدان هاوڵاتیەی كە لەڕێی فەیسبوكەوە، حەبی كێش دابەزاندنی كڕیووە، یەك قتووی بە ٥٠ هەزار دینار، پاش ماوەیەك لەبەكارهێنانی ئەو حەبە ساڤینی تووشی قژ ڕووتانەوە و تێكچوونی هۆرمۆنات کردووە، پێش ئەوەی حەبەكە بكڕێت پێیان وتووە، ئەگەر زیانی هەبوو، پارەكەت بۆ دەگێڕینەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی تەندروستی خراپبووە، پارەكەشی لەدەستچووە.

ئەو كەسانەی حەب و دەرمانە گیاییەكان دەفرۆشن، شوێنیكی دیاریكراویان نیە وەك دەرمانخانەیەك ناو و ناونیشانی ئاشكرابێت، بەڵكو لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پڕوپاگەندە بۆ دەرمانەكان دەكەن و كاتێك هاوڵاتییەك داوایان لێدەكات، ئەوان داوای ژمارەی مۆبایل و ناونیشانی هاوڵاتییەكە دەكەن و دواتر خۆیان بە ئۆتۆمبیل ئەو دەرمانەی داوا كراوە دەیگەیەننە شوێنی مەبەست، ئەگەر كەسێكیش بیەوێت ناونیشانی ئەو دەرمانخانە یان دوكانە بزانێت پێی دەڵێن، ئێمە شوێنێكی دیاریكراومان نیە و بە ئۆنلاین كڕین و فرۆشتن دەكەین.

زۆرترینی ئەو دەرمانانەی بەڕێگەی ئۆنلاین دەفرۆشرێن و ڕیكلامیان بۆ دەكرێت بریتین لە دەرمانی زیادكردن یان كەمكردنی كێش، گەورە كردن یان بچوككردنەوەی ئەندامەكانی جەستە، بابەتی جوانكاری ژنان، یان ئەو دەرمانانەی گوایە باڵای مرۆڤ لەنێوان پێنج بۆ ١٠سم بەرزدەكەن.

ساڤین، لەدوای بەكارهێنانی ئەو حەبەی زیانی پێگەیاندووە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ئەو كارە تەنها پارە كێشانەوە هەیە لە هاوڵاتیان و ئەوانەی ئەو كارەش دەكەن بێ‌ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان چاودێرییان بكەن كاری خۆیان دەكەن.

ئاریان عومەر، سەرۆكی لیژنەی هاوبەشی تەندروستی لە قایمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی، لەبارەی گرتنەبەری ڕێكارە یاساییەكان بۆ ریكلام و كڕین و فرۆشی دەرمان بەڕێگەی ئۆنلاین بە ڕۆژنیوزی وت، دواین كۆبونەوەمان لەگەڵ بەڕێوبەرە ئیدارییەكانی سلێمانی هەریەكە لە قایمقامیەت و تەندروستی و نوێنەری ئاسایشی سلێمانی، باسمان لە زۆری ئەو ڕیكلامانە كردووە كە بڵاودەبێتەوە لە سۆشیال میدیادا بێ ئەوەی كەسێك هەبێت چاودێریان بكات و ڕێكخستنیان بۆ بكات، وا بڕیارە بەم نزیكانە لیژنەیەك پێكبهێنرێت بۆ گرتنە بەری ڕێكاری پێویست دەربارەی ئەم دیاردەیە.

بەشی زۆری ئەو دەرمانانە، بەشێوەی قاچاغ و نایاسایی دەهێنرێنە هەرێمی كوردستان و لە وڵاتانی وەك ئێران و چین و هیندستان یان لە بەغداوە هاوردە دەكرێن، یان لەژێر بار و كەلوپەلی بازرگانیدا دەشاردرێنەوە و دەهێنرێن، بەبێ‌ ئەوەی لە پلەی گونجاوی گەرمیدا دابنرێن.

ئاریان عومەر، داوای لە هاوڵاتیانكرد ئاگاداربن لەم مەترسییە گەورەیەی سەر ژیانیان و ئەو جۆرە دەرمانانە بەكارنەهێنن، لەكاتێكدا دوور لە چاودێری و كوالێتی كۆنترۆڵ دەهێنرێنە ناو هەرێمەوە.

یەكێكی دیكە لە مەترسییەكانی ئەو دەرمانانە ئەوەیە كە بەرواری دەرچوون و بەسەر چوونیان ڕوون نیە و دەتوانرێت بەئاسانی دەستكاری بەرواری بەسەرچوونیان بكرێت.

ئەوەی تێبینی دەكرێت نەك تەنها تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەڵكو بەشێكی میدیاش كەوتوونەتە ژێر كاریگەری ئەو كۆمپانیا و كەسانەی ئەو دەرمانانە دەفرۆشن و لەبەر بەرژەوەندی و قازانجی ماددی بۆ كەناڵەكە، ڕیكلامی ئەو جۆرە دەرمانانە بڵاودەكەنەوە، كە مەترسی لەسەر ژیان و تەندروستی هاوڵاتیان دروست دەكەن.

ک.س