فەرمانبەرێكی شارەوانی ڕواندز هەوڵی خۆكوشتنی دا

فەرمانبەرێکی شارەوانیی ڕواندز گولـلەیەکی نا بەخۆیەوە و برینەکەی سەختە.


بە وتەی فەرمانبەرانی شارەوانیی شارۆچکەی ڕواند-ی سەر بە پارێزگای هەولێر، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نێو فەرمانگەکە پیاوێکی تەمەن ٥٠ ساڵان، كە فەرمانبەری شارەوانییە، هەوڵی خۆکوشتنی داوە و بە بەرچاوی كارمەندانی شارەوانییەوە گولـلەیەکی لەخۆیداوە و بەهۆیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سۆران كرا و دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری هەولێر كرا.

كارمەندانی شارەوانی رواندز  بۆ ڕۆژنیوز  ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد، كە ئاگادارنین كە   فەرمانبەرەكە هیچ كێشەیەكی هەبێت و ڕۆژانی ڕابردووش دەوامی ئاسایی خۆی كردووە.

لەبارەی ڕووداوەکەوە پۆلیسی سۆران بە ڕۆژنیوزی ڕایگەیاند: زانیارییمان وەرگرتووە لەسەر ئەم ڕووداوە، بەڵام تا ئێستا ڕاپۆرتی پزیشك و لێكۆڵینەوەمان بەدەست نەگەیشتووە بۆیە ناتوانین وردەكاریی ئەم ڕووداوە ئاشكرابكەین.

فەرمانبەرەكەی شارەوانی ڕواندز كە ناوی گەیلان حارس تەمەن ٥٠ ساڵان وخێزاندارە  و دانیشتووی شاروچكەی رواندزە لە ئێستادا بەهۆی سەختی برینەكەی لە نەخۆشخانەی شاری هەولێرە.

ش.ف