قاوە و چای خەڵوز هاوڵاتییانی کەلار لەسەر شەقام کۆدەکاتەوە

لە شەوانی درێژ و ساردی زستاندا شەقامەکانی بازاڕی شارۆچکەی کەلار، جمەی دێت لە خەڵک و بۆن و بەرامەی چا و قاوەی خەڵوز و خواردنە گەرمەکان ئاوێتەی هەوای سارددەبن، گەنجێک دەڵێت: بۆ دروستکردنی کۆڕی گفتوگۆ و تامکردنی خواردن و خواردنەوە گەرمەکان دێینە سەر شەقام و هاوڵاتییەکیش دەڵێت: ئەمە زیندوکردنەوەی نەریتی شەو کۆبوونەوەی کوردەوارییە.


لە ناو بازاڕی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، هاوڵاتییان بۆ بەسەربردنی شەوانی درێژ و ساردی زستان و تامکردنی خواردن و خواردنەوە گەرمەکانی وەکوو (چا، قاوەی خەڵوز، شێلم، پاقلە و نۆکاو) لەسەر شەقام بە کۆمەڵ کۆدەبنەوە و لە پاڵ ئەمەشدا شەوەکەیان بە بەستنی کۆڕی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە بەڕێدەکەن.

محەمەد ساڵح، هاوڵاتیەکە، کە لەگەڵ هاوڕێکانیدا لە گۆشەیەکی شەقامی بازاڕەکەدا دانیشتبوون سەرقاڵی گفتوگۆبوون بۆ ڕۆژنیوز وتی: شەوانە لەگەڵ هاوڕێ و دۆستەکانمان دێینە دەرەوە، بەدەم خواردنەوەی چایەکی گەرمی خەڵوزەوە تاوتوێی کۆمەڵێک بابەتی فکری و مێژووی و بابەتە گەرمەکانی ڕۆژ دەکەین، ئەم سەر شەقامە و خواردن و خواردنە گەرمەکان کۆمان دەکاتەوە.

وتیشی: هاوڵاتیان زیاتر چێژ لە شوێنە کراوەکان دەبینن، بۆ ئەوەی لە هەوای نا تەندروست ڕزگاریان ببێت و هەوایەکی پاک هەڵبمژن پەنا بۆ ئەم جۆرە شوێنانە دەهێنن، کە ژینگەیەکی تایبەتی هەیە و هەست بە ئاسودەیی زیاتر دەکەن تیایدا.

ئەرسەلان محەمەد هاوڵاتییەکی دیکەیە و بەدەم خواردنەوەی کوپێک قاوەوە قسەی بۆڕۆژنیوز کرد و وتی: زۆربەی شەوانی زستان بۆ خواردنەوەی کوپێک قاوە یان چای خەڵوز و قاپێک شێلم، ڕوو لە بازاڕی شارەکە دەکەین و لەو کەش و هەوا سازگار و خۆشەکەیدا کاتەکانمان بەڕێدەکەین.

وتیشی: ئەگەر پێشتر خەڵک حەزیان لە کافتریا و شوێنە داخراوەکان بووبێ، بێگومان ئێستا بە پێچەوانەوە خەڵک حەزیان لە شوێنە کراوەکان و شەقامەکانە، ئەمەش زیندووکردنەوەی کلتوری کوردەوارییە، شەو کۆبوونەوە لە شەوانی زستاندا و تامکردنی خواردن و خواردنەوە گەرمەکان.

حەیدەر سەڵاح، یەکیک لە کاسبکارانی ناو بازاڕەکەیە و لە بارەی کارەکەیەوە وتی: من لە وەرزی زستاندا (نۆکاو و پاقلە و شێلم) لەسەر عارەبانەکەم دەفرۆشم و خەڵکیش بۆ گەرمکردنەوەی خۆیان لە شەوانی زستاندا، ڕوو لە عارەبانەکەم دەکەن و بە ڕوویەکی خۆشەوە داوای خواردنەکان دەکەن، منیش بە دەم نوکتە و پێکەنینەوە خواردنەکانیان پێشکەش دەکەم و زۆر کات مشتەرییەکان لە دەوری عارەبانەکەم، دادەنیشن و بە گێڕانەوەی بەسەرهاتە خۆشەکانەوە شەوەکانمان بە جۆشتر دەکەن.

ک.س