قورئانخوێنێك لە ماڵەکەیدا خنکێندرا

قورئان خوێنێك لە شاری کەرکوك لە ناو ماڵەکەیدا خنکێندرا و بەوتەی شایەتحاڵان لەکاتی گەڕانەوەی لە مزگەوتەوە بۆ ماڵ دز لە ماڵەکەیدا بووە.​​​​​​​


بە پێی زانیارییەکانی پۆلیسی کەرکوك بۆ رۆژنیوز، ئەمڕۆ قورئانخوێنێك دوای ئەنجامدانی نوێژی بەیانی گەڕاوەتەوە ماڵ و لەو ماڵەکەیدا دز هەبووەو خنکاندوویانە.

دراوسێیەکی قوربانییەکە کاتێک، کە بینیویەتی چەند کەسێك لە ماڵەکەدا هەڵدێن پەیوەندی بەپۆلیسەوە کردووە، دواتر پۆلیس گەشتووەتە ماڵەکە تەرمی قورئان خوێنەکەیان لەماڵەکەدا بینیوە کە بە 'گونییە' خنکێندراوە، دواتر گواستوویانەتەوە بۆ نەخۆشخانەی کەرکوک.

ئەو قورئانخوێنە ناوی دڵشاد سدیق-ە، کە بەمەلا دڵشاد ناسراوە و لەدایک بووی ساڵی ١٩٥٦-ە، ماڵی لەگەڕەکی موسەڵایە و قورئان خوێنی مزگەوتی قادر عەلۆ بووە، هەروەها ناوبراو فەرمانبەری تەندروستی بووە لە بەشی تاقیگەی نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوك.

س.ح