قووتی جەژن بۆ ٥٠٠ خێزانی خاوەنپێداویستی تایبەت دابینکرا

ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی لە کەمپەینی "لەپێناو قووتی جەژندا" کۆکرابوونەوە، لە سلێمانی بەسەر ٥٠٠ خێزانی خاوەن پێداویستیی تایبەتدا دابەشکرا.


پێشنیوەڕی ئەمڕۆ لە بارەگای یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان لە شاری سلێمانی، ئەنجامی کەمپەینی "لەپێناو قووتی جەژندا" ئاشکراکرا، کە ماوەی هەفتەیەک لە شەقامی سالم-ی شاری سلێمانی بەردەوامبوو.

ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی لە کەمپەینەکەدا کۆکرابووەوە، بەسەر ٥٠٠ خێزانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە سنووری شاری سلێمانیدا دابەشکرا، بەجۆرێک بۆ هەر خێزانێک کارتۆنێک خواردن و بڕی ٧٥ هەزار دیناری پێ بەخشرا.

سامان حسێن، سکرتێری یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، ئەنجامی کەمپەینەکەی ڕاگەیاند، کە بەمشێوەیەبووە: "بڕی ٣٨ ملیۆن و ٥٣٤ هەزار دینار هاوکاریی ماددیی-مان پێگەیشتووە، لەگەڵ ئەوەشدا لەلایەن هەندێک لە کۆمپانیا و سەرمایەدارانەوە خواردن و پێداویستیی گەیەندراوەتە زیاتر لە هەزار و ٦٠٠ خێزان".

 

سامان حسێن ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەنجامدانی ئەو کەمپەینە دوای بێ ئومێدبوونیان بووە لە دابەشکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان پێش جەژن، لەگەڵ ئەوەشدا ناوی ٨٠٠ خێزانی خاوەن پێداویستیی تایبەتیان لابووە کە قووتی جەژن-یان نەبووە، ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەو هاوکارییانەی گەیشتوونەتە کەمپەینەکە پێداویستییەکانی بەزیادەوە پڕکردووەتەوە.

لە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ٣ی ئابەوە، یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان کەمپەینێکی کۆکردنەوەی هاوکاریی بە دروشمی "لەپێناو قووتی جەژندا" لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی دەستپێکرد و ماوەی هەفتەیەکی خایاند.

ک.س