قەدەغەی هاتووچۆ ١٠ ڕۆژ درێژکرایەوە و گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قەدەغەی هاتووچۆی لە هەرێمی کوردستاندا تا ١٠ ی مانگی داهاتوو درێژکردەوە، وتیشی، دەسەڵات دراوە بە پارێزگارەکان بەپێی پێویست ئاسانکاریی و هاوکاریی هاوڵاتیان بکەن.


ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٥:٠٠، دەربارەی قەدەغەی هاتووچۆ کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوە، د. ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ لە شاری هەولێر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەڕێوەبرد.

وەزیری ناوخۆ باسی لەوەشکرد، کە ڕێگرییەکان لە سنوورەکانەوە وەک ڕۆژانی ڕابردوو بەردەوام دەبێت و ڕێگە بەهاتووچۆی هیچ کەسێک نادرێت.

باسی لەوەشکرد، خەڵک داوایان کردووە کە قەدەغە سووک بکرێت، "بەڵام ناکرێت ئەوە ڕووبدات، حکومەت زەرەرمەندی یەکەمە لە قەدەغە، بەڵام لەبەر هاوڵاتیان بەردەوامیمان پێداوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەسەڵاتیان داوە بە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، کە بەپێی توانا ئاسانکاریی بۆ هاوڵاتیان بکرێت.

وتیشی، پارێزگارەکان داوایان کردووە یەکی شەو تا شەشی بەیانی هەندێک ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانە بکرێت، کە کێڵگەی پەلەوەریی، ڕەز و باخ یان ئەوانەی لە کۆگاکانەوە کەرستە دەگوازنەوە، بۆ ئەوە "دەسەڵات دراوە بە پارێزگارەکان و ئیدارەکان".

دەربارەی مووچەی فەرمانبەران وتی، هیچ بەرنامەیەک نییە بۆ کەمکردنەوەی مووچە، "ئەوەی باسی کراوە لە میدیاکانەوە ئەساسیی نییە".

س.ح