كوڕێكی تەمەن ١٧ ساڵ باوكی خۆی کوشت

بەڕێوەبەری شارەدێی لەیلانی سەر بە پارێزگای كەركوك ڕایگەیاند، كوڕێكی تەمەن ١٧ ساڵ لە سنوری کەرکوک باوكی خۆی كوشتووە و تۆمەتبارەکە دانی بە تاوەنەكەیدا ناوە و دەستگیر کراوە.


دوو ڕۆژ پێش ئێستا لە شارەدێی لە یلان، تەرمی هاوڵاتیەک لە نزیك گوندی بیلو دۆزرایەوە، دوای لێكۆڵنەوەی پۆلیس دەركەوتووە، ئەو هاوڵاتییە لە لایەن كوڕەكەیەوە كوژراوە.

عەقید سەڵاحەدین سابیر، بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی شارەدێی لەیلان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: "دوو ڕۆژ پێش ئێستا ئاگادار كرایەنەوە لە هەبوونی تەرمێك لە نزیك گوندی بیلو، پاش گەیشتنی تیمەكانی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداوەكە دەركەوت ئەو كەسەی كە كوژراوە ناوی (خەتاب عومەر ڕەشید)ـە لە نەتەوەی عەرەبە و تەمەنی ٤٢ دوو ساڵە، كە بە گوللـە كوژرابوو".

وتیشی: "دوای ڕووداوەکە دەستمان بە لێكۆڵنەوە كرد و چووینە ماڵی كەسی كوژراوەکە دەستمان بەسەر چەكێكی جۆری كلاشنكۆفدا گرت، پێشتریش كوڕێكی كەسە كوژراوەكە كە تەمەنی ١٧ ساڵە هەڕەشەی كوشتنی لە باوكی كردبوو، بۆیە ئەمڕۆ دوای لێکۆڵینەوەکان دەركەوت كە كوڕەكە باوكی خۆی كوشتووە، تۆمەتبارەکەش لە ماڵی یەكێك لە خزمەكانی لە گوندەی بیلو دەسگیركرا".

ک.س