كەركوك، باوکی منداڵە ئەشكەنجە دراوەکە دەستگیرکرا

باوکی ئەو منداڵە تەمەن شەش ساڵەی شاری کەرکوک کە دوو ڕۆژ لەمەو بەر لە لایەن باوكیەوە بەتوندی ئەشكەنجە درابوو لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرا.


ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگە منداڵێكی توركمان بە ناوی(ع.ق.م) كاتێك باوكی دەیباتە بنكەی تەندروستی ڕوناكی بە مەبەستی چارەسەر، دواتر لە لایەن كارمەندی بنكەوە ئاشكرا دەكرێت كە ئەو منداڵە ئەشكەنجە دراوە، دوای ئەوەش پۆلیس لە حاڵەتەكە ئاگادار دەكرێتەوە.

سەرچاوەیەك لە بنكەی پۆلیسی توندوتیژی خێزانی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: "ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگە لە حاڵەتێك ئاگادار كراینەوە كە حاڵەتێكی ئەشكەنجەدانی منداڵێكی تەمەن شەش ساڵان هەیە، پاش لێكۆڵینەوە دەركەوت ئەو منداڵە كە ناوی( ع.ق.م)ە، لە لایەن باوكیەوە ئەشكەنجەی توند و دژوار دراوە، دواتر باوكەكە هەڕەشەی لە منداڵەكەی كردووە كە بەهیچ شێوەیەك زانیاری لای پۆلیس نەدركێنێت".

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراشیكرد: "منداڵەكە لە نەتەوەی توركمانە و دایكی منداڵەكە لە باوكی جیا بووەتەوە، لە ئێستاشدا منداڵەكە لای باوكی و باوەژنیەتی".

ڕاشیگەیاند: "باوكی منداڵەكە ئەمڕۆ بە بڕیاری دادگا دەستگیركراوە، بڕیارە ٢٩ی ئەم مانگە دادگایی باوكی دەستپێبكات".  

ک.س