لاوازی دادگا و قه‌یرانه‌کان له‌پشت زیادبوونی تاوانه‌کانه‌وه‌ن


رۆژنیوز- زاهیر ئیبراهیم

یاساناسان و توێژه‌ران وێڕای قه‌یرانه‌ سیاسی و داراییه‌کان، لاوازی دادگاکان و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن به‌ هۆکاری زیادبوونی تاوانه‌کان ده‌زانن له‌ هه‌رێمی کوردستان.

ته‌نها له‌ مانگی حوزه‌یراندا، له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌هۆى کوشتن و خۆکوشتن و خۆ خنکاندن 46 هاوڵاتى بونه‌ته‌ قوربانى، ئه‌مه‌ جگه‌ ئاماژه‌دان به‌ زۆربوونی کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ئه‌نجامدانی تاوانی جۆرا و جۆر.

پشتیوان رزگار، یاساناس پێی وایه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان قه‌یرانی دارایی بۆته‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ده‌یان کێشه‌ی جۆراوجۆرا و به‌ رۆژنیوزی وت:" هه‌رێمی کوردستان له‌م سێ ساڵه‌ی دواییدا‌ رووبه‌رووی قه‌یرانی دارایی بۆته‌وه‌ و به‌و ‌هۆیه‌وه‌ ده‌یان کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێوکۆمه‌ڵگاداخوڵقاوه‌ هه‌ر له‌ تاوانی کوشتن ودزیکردن و خۆکوشتن و رفاندن بگره‌ تاده‌گاته‌ تاوانی له‌شفرۆشی و کێشه‌خێزانیه‌کان ولێکترازان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خێزان".

ئه‌و یاساناسه،‌ هۆشداری دا و وتی:" به‌رده‌وامی ودرێژه‌کێشانی ئه‌م دۆخه ‌نا هه‌مواره‌ی ئێستا واده‌کات کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان قۆڵتر و زیاتر ببن، بۆیه‌ ده‌بێ حکومه‌تی هه‌رێم به‌زوویی هه‌نگاوبنێ وبه‌زوویی ئه‌م کێشه ‌داراییه‌ چاره‌سه‌ر بکات".

هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ که‌لوسم گه‌زنه‌یی، توێژه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ رۆژنیوزی وت: هه‌رێمی کوردستان له‌ م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا له‌ بارودۆخێکی زۆرخراپی ئابووری و سیاسیدا ده‌ژی، ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ کۆمه‌ڵگا رووبه‌رووی کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ببێته‌وه‌.

گه‌زنه‌یی، راشیگه‌یاند:" له‌ هه‌رێمی کوردستان دا رۆژانه‌ گوێبیستی حاله‌تی کوشتن و خۆکوشتن ده‌بین هه‌روه‌ها هه‌ڵوه‌شاننه‌وه‌ی خێزان رۆژ ‌به ‌رۆژ رووی له‌زیادبوونه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا رێژه‌ی هاوسه‌رگیری به‌ره‌وکه‌مبوونه‌وه‌ ده‌ڕوات،‌ ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌ینێت، که‌ دۆخی سیاسی و ئابووری له‌هه‌رێمی کوردستان کاریگه‌ی کردۆته‌سه‌ر دروستبوونی کێشه ‌و گرفتی کۆمه‌ڵایه‌تی".

که‌لوسم گه‌زنه‌یی، نیگه‌رانی خۆی له‌به‌رامبه‌ر بێباکی حکومه‌تی هه‌رێم نیشاندا له‌ به‌رامبه‌ر ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و وتی:" به‌داخه‌وه‌ لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ه ه‌رێمی کوردستان زۆر بێ باکه‌ له‌چاره‌سه‌رکردنی ئه‌وکێشه‌کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ که‌ رۆژانه رووده‌ده‌ن".

ئه‌و توێژه‌ره‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ به‌ پێویستیشی زانی، که‌ له‌ئێستادا شاره‌زایان هه‌ستن به ‌دراسه‌کردنی ئه‌و حاڵه‌ته ‌نه‌خوازراوانه‌ی، که‌ رۆژانه‌ رووده‌ده‌ن و وتی:" ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به‌و ئاسته‌ی ئێستا بڕوات بنیادی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاسایشی کۆمه‌ڵایه‌تی و خێزان ده‌که‌وێته‌ ‌مه‌ترسیه‌وه"‌.

هه‌روه‌ها دانه‌ر عه‌زیز، پارێزه‌ر و چالاکوانی مه‌ده‌نی، پێی وایه‌ ئه‌نجامدانی تاوان و زیادبوونی وابه‌سته‌نیه‌ به‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی دیاریکراو و حاڵه‌ته‌که‌ گشتی-یه‌، به‌ڵام هۆکار و پاڵنه‌ره‌کان له‌ کۆمه‌ڵگایه‌که‌وه‌ بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی تر جیاوازه‌.

دانه‌ر، ده‌پرسێت، که‌ ئایا له‌ هه‌رێمی کوردستان یاساو دادگاکان چۆن توانیویانه‌ رێگربن له‌به‌رده‌م یادبوونی تاوان؟، هه‌ر خۆشی ده‌ڵێت:" یاساهه‌یه‌ و دادگاش بڕیارده‌دات، به‌ڵام جێبه‌جێکردنی له‌ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردنه،‌ بۆیه‌ من پێشنیار ده‌که‌م داواکاری گشتی به‌ئه‌رکی خۆی هه‌ڵستێت و کارابکرێت".

ئه‌و پارێزه‌ره‌، به‌پێویستی ده‌زانێت، که‌ هه‌وڵبدرێت ‌ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بهته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی خۆی وه‌ربگرێت و ده‌زگای جێبه‌جێکردنیش وه‌ک پۆلیس که‌ جێبه‌جێکاری بڕیاره‌کانی دادگایه‌ بخێته ‌سه‌ر ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری بۆئه‌وه‌ی هه‌یبه‌تی دادگا ڕِوون بێت.

له‌باره‌ی زیادبوونی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خێزانیش دانه‌ر عه‌زیز، ده‌ڵێت: پێویسته‌ ده‌زگا کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و راگه‌یاندن و حکومه‌ت به‌رنامه‌ و ستراتیژیان هه‌بێت بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ئه‌وحاڵه‌تانه‌ی ئێستاده‌بینرێن له‌دادگاکان.

ش.ف