له‌ ڕووداوێكدا ٦ چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی گیانیان له‌ده‌ستدا

پاسێكی گه‌وره‌ی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی وه‌رگه‌ڕا، به‌وهۆیه‌وه‌ شه‌ش چه‌كدار گیانیان له‌ده‌ستدا و ٢٢ چه‌كداری دیكه‌ش برینداربوون.


ئه‌مڕۆ له‌ شارەدێی مەندەلی سەربە شارۆچکەی بەلەدروز لە پارێزگای  دیاله‌، به‌هۆی ڕووداوێكی هاتووچۆوه‌، شەش چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی گیانیان لەدەستدا.

به‌ پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی، كه‌ غالب عه‌تیه‌، وته‌بێژی پۆلیسی پارێزگای دیاله‌، به‌ ڕۆژنیوزی داوه‌، چه‌كدارانی حه‌شد له‌ شاری ىەعقوبە-ی ناوەندی پارێزگای دیالەوە بۆ شاره‌دێی مه‌نده‌لی هەمان پارێزگا چوون، پاسه‌كه‌یان له‌ نزیك سه‌ربازگای كركوش له‌ سنووری شارۆچكه‌ی به‌له‌دروز  به‌هۆی له‌ده‌ستدانی كۆنترۆڵه‌وه‌ وه‌رگه‌ڕاوە.

بەپێی زانیارییەکانی وتەبێژی پۆلیسی دیالە، لە ڕووداوەکەدا شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٢ کەسیش برینداربوون، کە بەشێکیان بەهۆی سه‌ختی برینه‌كانیانەوە گوازراونه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌كانی شاری به‌غدای پایته‌خت و به‌شێكشیان له‌ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی بەعقوبە چاره‌سه‌ریی پێویستیان بۆ كراوه.

س.ح