لێکترازانی خێزان، دەردێکی دیکەی کۆمەڵگا

ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەرەکان لە هەرێمی کوردستان ڕوو لە زیادبوونە و یەکێک لەو دەردانەیە، کە کۆمەڵگا بەدەستییەوە دەناڵێنێت، هاوسەرگیریی لە تەمەنی کەمدا و ڕێگەپێدان بە هێنانی ژنی دووەم، بە سەرەکییترین هۆکارەکانی جیابوونەوە ئەژمار دەکرێن.


ئامارەکانی جیابوونەوەی هاوسەران لە هەرێمی کوردستان بەرز دەبنەوە، ڕۆژنیوز لە بەدواداچوونێکدا لەگەڵ خستنەڕووی ئامارەکان، هۆکارە سەرەکییەکانی جیابوونەوە لەزاری هاوڵاتیان و کەسانی پەیوندیدارەوە دەخاتەڕوو.

ئەگەرچی لایەنی پەیوەندیدار بەهۆی ئەوەی هەموو ساڵێک لە کۆتایی ساڵدا ئامار بڵاودەکاتەوە ئامادە نەبوو ئاماری ئەمساڵمان پێبدات، بەڵام بەپێی ئامارێک کە لە ماڵپەڕی دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان وەرمانگرتووە، لە ساڵی٢٠١٧دا لە هەرێمی کوردستان پێنج هەزار و ٧٢٩ جیابوونەوە لەنێوان هاوسەرەکاندا هەبووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨دا ئامارەکە بەرزبووەتەوە و نۆ هەزار و ١٩٢ جیابوونەوە تۆمارکراوە، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٧دا لەهەرێم٤١ ڕێپێدان بە ژنی دووەم هەبووە و لە بەرامبەریشدا لە ساڵی ٢٠١٨دا ٨٩ ڕێپێدان بە ژنی دووەم هەبووە.

هاوکات لە ساڵی ٢٠١٧دا ٣٧ هەزار و ٥٠٧ مارەبڕین و هەزار و ٢٦٠ پەسەندکردنی مارەبڕینی دەرەکیی هەبووە، لە ساڵی ٢٠١٨شدا ٣٩ هەزار و ٧٦٣ مارەبڕین و٣٠٠١ پەسەندکردنی ماڕەبڕینی دەرەکی هەبووە.

ئەگەر لە ئامارەکان وردببینەوە، دەبینین، کە هاوشان لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاماری هێنانی ژنی دووەم، جیابوونەوەش زیادی کردووە، هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان هێنانی ژنی دووەم ڕێگا پێنەدراوە، بەڵام لە ناوچە دابڕێندراوەکان و ناوچەکانی دیکەی عیراق، کە بەیاسای عێراقی کار دەکەن، ئەو حاڵەتە ڕێگا پێدراوە، بۆیە بۆ مارەبڕین ڕوو لە دادگاکانی ئەو ناوچانە دەکەن.

هۆکارەکانی جیابوونەوەی هاوسەران زۆرن، هێنانی ژنی دووەم-یش بە یەکێک لەو هۆکارانە دەستنیشان دەکرێت و ئامارەکان-یش وەک بەڵگە نیشان دەدرێن، هەڵاڵە محەمەد، ئەندامی ڕێکخراوی یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامیی کوردستان، لەوبارەیەوە وتی:"هێنانی ژنی دووەم و سێیەم کە ژنی یەکەم قبوڵی ناکات، یەکێک لە هۆکارەکانە".

هەڵاڵە، ئاماژەی بە چەند هۆکارێکی دیکەی جیابوونەوە کرد لە هەرێمی کوردستان و بە بۆچوونی ئەو"هاوسەرگیریی پێش وەختە، هەست نەکردن بە بەرپرسیارێتیی، غیرە کردن لە یەکتر، بێ پلانی و نەزانیینی ئەوەی بۆچی هاوسەرگیریی دەکەن، دەستوەردانی خێزانەکان بۆیان"بەشێکی دیکە لە هۆکارەکانی جیا بوونەوەن.

ئەو ئەندامەی ڕێکخراوی یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامیی کوردستان، باسی لە کاریگەریی جیابوونەوەی هاوسەران لەسرە کۆمەڵگاش کرد و وتی: خێزانێک هەڵدەوەشێت، ئەگەر منداڵ هەبێت دەبێتە قوربانیی، ڕێگە نادەن بە یەکتر کە منداڵەکە ببینن لەگەڵ ئەوەش زۆر جار هەردوو خێزانەکە دەبنە دوژمنی یەکتر ئەگەر خزمبن.

ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەرچی "جیابوونەوە لێکەوتەی خراپی زۆرە بەڵام زۆر جار باشترین ڕێگایە بەتایبەت بۆ ئەو دوو کەسە  کە لەگەڵ یەکتر ناگونجێن".

هاوڵاتییەکی شاری سلێمانی-ش بەناوی ڕەئوف عەبدوڵا، لاساییکردنەوەی کەسایەتیی ناو دراما تورکییەکان، بە هۆکاری جیابوونەوە دەزانێت، بەو پێیەی، کە درامای تورکیی لە بەشێکی زۆری تەلەفیزیۆنەکانی باشورەوە پەخش دەکرێت و هەموو ئێوارانێک دەچێتە ناو ماڵەکانەوە.

ڕەفیق تۆفیق، هاوڵاتییەکی دیکەی سلێمانییە و پێیوایە، کە نەبوونی بژێویی خێزانەکان هۆکارێکی دیکەی جیابوونەوەیە.

سەبارەت بەو جیابوونەوانەی کە لە دادگا یەکلایی دەکرێنەوە و ئەو کەسانەی داوای جیابوونەوە دەکەن، هەژار غەفور سەعید، پارێزەری ڕاوێژکار "زۆرینەوەی ئەو کەیسانەی کە داوای جیابوونەوە دەکەن لە هەردوو ڕەگەزەکەوەیە".

بەپێی ئەو کەیسانەی چووەتە بەردەستی ئەوان، جیابوونەوەکان بەشی زۆریان بەهۆی "جیاوازیی ئاست و بیر بۆچوون، تەمەن، قەیرانی دارایی، خیانەتکردن لە یەکتر، خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییکردن، ئالودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و قومارکردن و دراما دۆبلاژکراوەکانەوەیە"، بۆ هۆکاری کۆتاییش ڕاگەیاندنەکانی بە بەرپرس زانی.

هەروەهاباسی لەوەکرد، کە وەک پارێزەر هەوڵدەدات لێکترازانی کۆمەڵایەتیی دروست نەبێت و خیزانەکان بمێننەوە، لەو چوارچێوەیەشدا ساڵانە زیاتر لە ٢٠ خێزان پێکدەهێنێتەوە.

بەنان وەهاب، توێژەری کۆمەڵایەتیی، پێیوایە، چارەسەری سەرەکیی ڕێگرییە لە هاوسەرگیریی پێشوەختە و وتی:"ئەگەر بمانەویت لەڕیشەوە چارەسەری ڕێژەی بەرزی جیابوونەوە بکەین پێوسیتە، هاوسەرگیریی پێش وەختە نەمینێت، ئەمەش بە هۆشیاریی  دایک و باوکەکان دەبێت، کە ڕێگریی بکەن لەوەی منداڵەکانیان لە تەمەنی هەرزە کاریدا بیانەوێت هاوسەرگیری بکەن و خۆشیان هۆشیار بن لەسەر ئەوەی کە نابێت منداڵەکانیان لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیریان پی بکەن".

لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە پێی یاسا لە دادگاکان هەر کچ و کوڕێک تەمەنی بگاتە ١٦ ساڵ مافی ئەوەی هەیە ژیانی هاوسەرگیریی پێکبهێنێت، لەکاتی جیابوونەوەشیان ژن دەتوانێت بە پشت بەستن بە یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٥ ساڵی ٢٠٠٨ ماددەی ٤٣، پیاویش بەپێی ماددەی ٤٠ و ٤١ و ٤٢ داوای جیابوونەوە و مافەکانی خۆی بکات.

بەنان وەهاب، ڕەخنەی لەو یاسایانە گرت و وتی:"لە ئاینی ئیسلامدا ئاسییە لە دوای باڵغ بوونەوە کچ یان کوڕ هاوسەرگیریی بکەن، ئەو یاسانەش کە دانراوە خزمەت  بە ئاینی ئیسلام دەکەن هەر بۆیە ١٦ ساڵیان کردوە بە یاسا و ئاساییە لەو تەمەنەدا هاوسەرگیریی بکەن".

ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە، وتیشی:"پێویستە کەسەی هاوسەرگیریی دەکەن کامڵ بن لە هەموو ڕووەکانەوە، بێ ماسک بچەنە بینینی یەکتر و بەڕاستگۆیانە داوای ئەوە بکەن کە لە یەکتریان دەویت، چونکە ژیانی ڕاستی ڕێگای ڕاستی دەوێت قسە و  ڕووخساری ساختەی ناوێت، کاتێکش بە  هەنگاوی کامڵبووندا تێپەڕببن لە ڕووی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتیەوە گەشە بکات ئەوکاتە توانای بەرەنگابوونەوەی ئەو کێشانەیان دەبێت کە دێتە ڕێگایان  و کەمتر جیابوونەوە ڕوودەدات".

ک.س