لەسەر بریندارکردنی خوێندکارەکەی دهۆک لە گوندێکی ئاکرێ شەڕە تەقەڕوویدا

دوای ئەوەی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەکێکی شاری دهۆک تەقە لە خوێندکارێکی پۆلی ١٢ی ئامادەیی کرا و بەوهۆیەوە برینداربوو، بنەماڵەی خوێندکارەکە و بنەماڵەی تەقە کەرەکە لە گوندێکی سەر بە شارۆچکەی ئاکرێ شەڕە تەقە لە نێوانیان درووست بوو.


کەسوکاری ئەو خوێندکارەی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەکی بەرۆشکێی پارێزگای دهۆک لەکاتی تاقیکردنەوەی ئەزمونی دەرەکی پۆلی ١٢ی ئامادەیی تەقەی لێکرا و برینداربوو، لە گوندی باژێرێی سەر بە شارۆچکەی ئاکرێ ڕووبەڕووی بنەماڵەی تەقەکەران بوونەتەوە و هەردوو بنەماڵەکەش بە سەدان چەکدار ڕوو بەڕووی یەکتر بونەتەوە و دوای تەقە کردنێکی زۆر لە یەکتر دواتر هێزە ئەمنییەکان کۆنترۆڵی دۆخەکەیان کردووە.

بەپێی زانیارییەکان ئەو دوو بنەماڵەیە یەکێکیان سەر بە هۆزی زێبارییە و ئەوی دیکەشان سەر بە هۆزی هەرکی-ن، پشتر لە هەردوولا کەسێک کوژرابوو، بەڵام دواتر کێشەکەیان چارەسەرکرا بوو ئەمڕۆ پاش تەقە کردن لەو خوێندکارە کێشەکە سەری هەڵداوەتەوە.

ک.س