لەمەودوا دیاردەی سیحر و جادوو نوشتەو دەرکردنی جن قەدەغەیە 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێم، لەمەودوا دیاردەی سیحر و جادوو ،نوشتە و دەرکردنی جن لە هەرێم قەدەغەیە.


ڕاگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی قەدەغەکردنی دیاردەی سیحر، جادوو، نوشتە و دەرکردنی جن، کە لەلایەن هەندێک کەسەوە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لەسەر پێشنیاری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، دوای ئاراستەکردنی نوسراوی فەرمی بەژمارە ١٥٣ لە ڕێکەوتی ١٤-١٠-٢٠١٩ بۆ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەمەبەستی دروستکردنی ھەماھەنگی بۆ بنەبڕکردنی دیاردەی (نوشتەو سحرو جادو دەرکردنی جن) کە لەلایەن ھەندێ کەسی بەرژەوەندی خوازو دوور لە بەھای کۆمەڵایەتی و ئایینی پیرۆزی ئیسلام، سۆزی خەڵک دەقۆزنەوە، گەیشتوونەتە بڕیار.

ئاماژە بەوەشکراوە کە "وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێم، بەنوسراوی فەرمی ژمارە ٢١٦٨٩ لەڕێکەوتی ١-١٢-٢٠١٩ وەڵامی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی داوەتەوە و تیایدا فەرمانی بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی ھەرێم کردوە کە بەھەماھەنگی لەگەڵ  وەزارەتی ئەوقاف کاری پێویست بۆ نەھیشتنی ئەم دیاردەیە ئەنجامبدەن".

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە "بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە یەکێکە لە خاڵەکانی بەرنامەی کاری وەزارەتی ئەوقاف لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان".

ک.س