لەناو نەخۆشخانەیەکی هەولێردا تەقە کراو چوار کەس برینداربوون

تەقە لەناو نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێردا کراو چوار کەس  برینداربوون، کە سیانیان زێرەڤانین و تەقەکەرەکەش هەڵهاتووە.


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەناو نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر، برای یەکێک لە پزیشکەکانی نەخۆشخانەکە لەگەڵ پاسەوانەکانی ئەو نەخۆشخانەیە دەبێتە دەمە قاڵێیان و لە ئەنجامی تەقەکردندا کارمەندێکی پرسگەی نەخۆشخانەکە، لەگەڵ سێ کارمەندی زێرەڤانی برینداربوون.

سەرچاوەیەک لەنەخۆشخانەکە بەڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، لە پرسگەی نەخۆشخانەی ڕۆژئاوای هەولێر لە نێوان برای یەکێک لە پزیشکەکان و پاسەوانانی نەخۆشخانە و یەکێک لە کارمەندانی پرسگە دەبێتە دەمەقاڵی و شەڕ، لە ئەنجامدا برای پزیشکەکە دەمانچە دەردێنێت و سێ پێشمەرگەی زێرەڤانی لەگەڵ کارمەندێکی پرسگەکە بریندار دەکات و دواتر هەڵدێت.

بۆ وەگرتنی زانیاری لەسەر چۆنیەتی ڕووداوەکە ڕۆژنیوز، پەیوەندی کرد بە هۆگر عزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو.

نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای شاری هەولێر دەکەوێتە سەر شەقامی سەدمەتری شاری هەولێر یەکێکە لەو نەخۆشخانانەی تایبەت کراوە بۆ حاڵەتی سوتان و بریندار بوون و حاڵەتی برینداربوون بە ڕووداوی هاتوچۆ.

ک.س