لەهەولێر منداڵێکی ساوا دۆزرایەوە

منداڵێکی ساوا لە شاری هەولێر دۆزرایەوە، لەئێستادا لە نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر لەژێر چاودیریی دایەوە، خێزانەکەشی نادیارە.


 درەنگانی شەوی ڕابردوو، منداڵێکی ساوا، لەلایەن هاوڵاتیانەوە، لە ناوچەی پیشەسازی باشوری هەولێر دۆزرایەوە، دواتر لەلایەن پۆلیسەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر کرا.

سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی لەدایکبوونی منداڵانی هەولێر بەڕۆژنیوزی وت، کە منداڵەکە کوڕە و بەپێی پشکنینەکان تەمەنی لەنێوان ڕۆژێک بۆ دوو ڕۆژ دەبێت، لەدوای ئەوەی پشکنینی بۆکراوە ئێستا لە نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر لەژێر چاودێرییدایە.

هەمان سەرچاوە، ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەگەر کەسوکاری نەدۆزرێنەوە، ئەوە بە چاودێریی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەدرێت بە یەکێک لەو خێزانانەی ناویان تۆمارکردووە بۆ لەخۆگرتنی منداڵ.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، بەڕۆژنیوزی وت، کە لەڕێگای کامێراکانی چاودێرییەوە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی منداڵەکەیان لەوێ داناوە.

د.ع