لە ئاهەنگێکدا شەڕ ڕوویدا و ٢٠ کەس بوونە قوربانی

لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگێک لە کرماشان، بەهۆی تەقەی کەسێکەوە ٢٠ کەس بریندار بوون، بەڵام چوار کەسیان بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە لە نەخوشخانە گیانیان لەدەستدا. 


شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی چەمەن-ی شاری کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتی بەڕێوەچوونی زەماوەندێک دوای شەڕەقسە لە نێوان چەند میوانێک، کەسێک لەوان دەچێت کڵاشنیکوف دەبات و دەگەڕێتەوە و دەستڕێژی گوللـە لە میوانەکان دەکات، لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا ٢٠ کەس بریندار بوون.

بەڵام دوای گەیاندنیان بۆ نەخوشخانەی تالقانی شاری کرماشان چوار لەو کەسانە کە ژنێکیشیان لەناودایە، بەهۆی سەختی برینەکانیانە و گیانیان لەدەستدا. 

مەهدی محەمەدی، بەڕێوەبەری ڕاگەیندنی زانکۆی زانستە پزشکییەکانی کرماشان لەسەر دۆخی بریندارەکان ڕایگەیاندووە، ١٥ کەس لە بریندارەکان لە ژێرچاودێری پزیشکیدان و سێ کەس لەوانە بەهۆی دۆخی نالەباری برینەکانیان لە بەشی چاودێری تایبەت ڕاگیراون. 

فەرماندەی پۆلیسی کرماشان لەسەر هێرشبەرەکە دەڵێت: هێرشبەرەکە کەسێکی پێشینەدارە و پێشتر تاوانی کوشتنی ئەنجامداوە لە زیندان ماوەتەوە، هەروەها دەڵێت پۆلیس لەناو هەوڵداندایە بۆ دەستگیرکردنی تاوانکارەکە. 

جێگای ئاماژەیە گەڕەکی چەمەن لە شاری کرماشان یەکێک لە هەژارنشینترین گەڕەکەکانی ئەو شارە و بەهۆی نەبوونی هەلی کار زۆربەی دانیشتوانی خەریکی کاری نایاسایین بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان.

کرماشان خاوەنی پلەی یەکەمە لە ڕێژەی بێکاریی لە ئێران و کەمترین خزمەتگوزاری لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە لەو شارە پێشکەش دەکرێت، ئەمە لەکاتێکدایە بە وتەی نوێنەری ئەو شارە لە پەرلەمانی ئێران زیاترین باج واتا زیاتر لە ٢٧٪ لە پارێزگای کرماشان وەردەگیرێت، لە کاتێکدا شارەکانی دیکەی ئێران کە خاوەنی کەرتی پێشەسازی بەهێزن و کەمترین ڕێژەی بێکارییان هەیە ٦٪ باج بە حکومەت دەدەن. 

 

ک.ک