لە باڵەكایەتی هێشتا كاری هەرەوەزیی بە گەرمی دەکرێت

کلتوری کارکردن بە هەرەوەزیی لە گوندەکانی باڵەکایەتیی پارێزراوە و ئەمەش پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بە گەرموگوڕیی هێشتووەتەوە، گوندنشینان ئێستا سەرقاڵی دروێنەی گەنمن.


گوندی ڕۆستێ سەر بە شارۆچكەی چۆمانە لە سنووری باڵەكایەتی پارێزگای هەولێر، دانیشتووانی ئەم گوندە ساڵانە بۆ كاری هەرەوەزیی (زبارە) كۆدەبنەوە و پێکەوە کارەکانیان ڕادەپەڕێنن، ئەوەش نەریتێکی جوانی کوردەوارییە، کە هێشتا بە زیندوێتیی ماوەتەوە.

 

دروێنەی گەنم بە هەرەوەزیی

لە ئێستادا هاوڵاتیانی گوندەکە سەرقاڵی دروێنەی گەنم-ن بەشێوازی کۆن و لەڕێگای ئامێری مەڵەغان(ئامێرێکە لەداس گەورەترە و دروێنەی گەنمی پێدەکرێت)، بۆ ئەم کارە دەبن بە سێ گروپەوە، گروپێک گەنمەکە دروێنە دەکەن، گروپێکیش کۆیدەکەنەوە و گروپێکی دیکە دەیبەستن.

ژنان لە کاری هەرەوەزییدا ڕۆڵی گرنگیان هەیە

ژنان وەک چۆن زۆربەی کارەکانیان بە هەرەوەزیی ڕادەپەڕێنن، لە دروێنەکردنیشدا بە ئامادەکردنی خواردن و چا بەشداریی لە کارەکەدا دەکەن، ئەوکاتەی هەمووان بەیەکەوە کۆدەبنەوە بەدەم نان خورادن و چا خواردنەوەوە قسەی خۆشەوە ماندوێتییان دەحەسێننەوە و دواتر بە گوڕ و تینی زیاترەوە دەست بە کار دەکەنەوە.

بەدەم دروێنەوە گۆرانیی دەڵێن

عومەر عەبدولڕەحمان، یەکێک لە هاوڵاتیانی گوندەکەیە، کە سەرقاڵی درەوکردن بوو، باسی لەوە کرد، کە لەکاتی زبارەدا تەنها کار ناکەن بەڵکو "سەرەڕای ئەو كارە زەحمەتیانە كە دادەنیشین هەمووان بەقسەی خۆش و گۆرانی و بەستەگوتن ماندوێتییمان لەبیردەچێتەوە".

هەمووان هاوکاریی یەکتر دەکەن

گەنجان پێکهێنەری سەرەکیین لە کاری هەرەوەزییدا، بەختیاریاسین-یش، یەکێک لە گەنجە بەشداربووەکانە و دەڵێت: ئێمەی گەنجان هەریەكەو بەپێی تواناو شارەزایی خۆمان كارەكانی زبارە دەكەین و من مەڵەغان لێ دەدەم.

بەخیتاردەشڵێت: گوند واجوانە كە هەمووان هاوكاریی یەكتری بكەین، ئێمە هەموومان هاوکاریی یەکتر دەکەین، بەڵام ئەگەر كەسێک بۆی نەكرا و نەیتوانی ئەوا شتێكی ئاساییەو  بەدڵێكی گەورەوە قبوڵیدەكەین.

هەرەوەزیی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی بە گەرموگوڕیی دەهێڵێتەوە

مام وەسمان،چەندین ساڵە لە گوندەکەیدا بەشداری لە کاری هەرەوەزیی دەکات و لەو بارەیەوە دەڵێت: زبارە لە باڵەكایەتی هەرماوە و خەڵكی یارمەتیی یەكتری دەدەن بۆ زبارەی چڵوكردن و گەنم دوورینەوە، یان هەر كارێك چونكە ئەو زبارانە پەیوەندی كۆمەڵایەیتی زۆر بە گەرموگوڕی دەهێڵێتەوە.

ک.س